نەوا-
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری دەمپارتی رایگەیاندوە، بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی پێویستە پێش پشوی پەرلەمان هەنگاوی بەرجەستە بنرێت.
چاندار پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەمپارتی) رایگەیاند، لەئێستادا پڕۆسەیەكی هەستیار لە ئارادایەو لێدوانەكانی دەوڵەت باخچەلی لە 4ی ئایاردا دەكرێت وەك هەنگاوێكی مێژویی وەسف بكرێن، بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەنجامدانی چاكسازیی یاسایی بەرفراوان زۆر پێویستن.
وتیشی: دەوڵەت باخچەلی لە لێدوانەكەیدا وتویەتی كە پرسەكە پشتگوێ ناخرێت، هەروەها پێشنیاریكردوە دەستەی هەماهەنگی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسییكردن بۆ رێكخستنی ئەم قۆناغە دابمەزرێت و ئامادەكارییەكان بۆ یاسای قۆناغی گواستنەوە یان پڕۆژەیاسای تایبەت دەستپێبكەن.