نەوا-
ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەروداوێكی نەخوازراودا چەند گەنجێك لەناو كەلار بە ماتۆڕسكیل رێگە لە پاسێكی گەشتیارانی پارێزگاكانی عیراق دەگرن و هێرشیان دەكەنەسەر، لێرەوە رایدەگەیەنین كە ئەو كارەی كردویانە پلان بۆ داڕێژراو نەبوەو هەڵسوكەوتێكی خۆیان بوە، ئەو جۆرە كارانە نەشیاون و دورە لە كلتوری كەلارو گەرمیان لەكاتێكدا خەڵكی ناوچەكە بە میوان دۆست ناسراون.
راشیگەیاندوە، دڵنیاییش دەدەین بۆ ئەم روداوە نەخوازراوە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ هاتوەتە سەر هێڵ و پاش روداوەكە لایەنە ئەمنییەكان بە ئەركی خۆیان هەستاون و ئەو ژمارە گەنجە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیركراون و لێكوڵینەوە لە روداوەكە دەكرێت و رێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر.
ئیدارەی گەرمیان وتوشیەتی، وەكو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان داوای لێبوردن دەكەین لەو خوشك و برایانە كە لە پاسەكە بون و دڵنیایی دەدەین بەهەموان كە هیچ جۆرە هەڵسوكەوتێكی لەو جۆرە روناداتەوە.