نەوا-
شاندێكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاند، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، بونی جیاوازی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا ئاساییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە خاڵە هاوبەشەكان كۆیان بكاتەوە، لە كۆبونەوەكەدا بەڕاشكاوی قسەیان لەسەر ئەو كەمتەرخەمیانە كردوە كە بەرامبەر یەكتر هەیانبوەو بڕیاریانداوە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە، ناشبێت لایەنەكان هێزی خۆیان لە لاوازی یەكتردا ببیننەوە، چونكە نەیارانی كورد سود لەو پەرتەوازەییە وەردەگرن، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی ئەوەیە رێگە نەدەن خاڵە لاوازەكانیان بكەونە دەست ناحەزان.
لای خۆشیەوە عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان وتی: دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی بەرەو ئاستێكی باشتر ببەن بەتایبەت كە ناوچەكەو عیراق بە بارودۆخێكی هەستیارو پڕ لە مەترسی شەڕدا تێدەپەڕن، پشتیوانی لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەكەن، پێیانباشە لایەنەكان لەسەر یاساو میكانیزمی هەڵبژاردن رێكبكەون بۆئەوەی پەرلەمانێكی كارایان هەبێت.