نەوا-
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نامەیەكی كراوە بۆ سەرۆكی حزبەكەی دەنێرێت و داوای لێدەكات چارەنوسی بێسەروشوێنبوانی روداوەكەی هۆتێل لالەزار بۆ كەسوكاریان ئاشكرا بكرێت.
ئاسۆ فەرەیدون ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبەشێكی نامەكەیدا بۆ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نوسیویەتی: لە روبەڕوبونەوەی بەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت و تاڵ و خوێناوی بەڕێكرد، بەدرێژایی چەند ساڵی رابردو دانیشتوانەكەی نەیانبینیبو، لەسۆنگەی خەمخۆریەوە بەوپێیەی سەرۆكی یەكێتی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیان، هەروەها خۆشی وەك پارێزگاری پێشوی سلێمانی و نوێنەری ئەو شارە لە بەغدا داوا دەكات خەڵك و شاری سلێمانی ئاشتبكرێتەوەو گرنگی بەنیگەرانیەكانیان بدرێت، هەروەها لە شەوی روبەڕوبونەوەكەدا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لەدڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو رۆڵەكانیاندان كە دەكرێت پەلە لە لێكۆڵینەوەكانیان بكرێت و بگەڕێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە .
ئاسۆ فەرەیدون راشیگەیاندوە، لەبەر هۆكاری قورسی روبەڕوبونەوەكەی لالەزار ونبو و قوربانی و كوژراو لەئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە، چارەنوسیان ئاشكرابكرێت و راستی مان و نەمانیان بە كەسوكارو خانەوادەكانیان بوترێت، كار بۆ رەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عیراق داواشیكردوە رێگە بدێت بە پارێزەرانی تۆمەتبارانی لالەزار كە بیانبینن و بەرگری یاسایان لێبكەن.