بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە بارەی پێوەری ئاوەوە رونكردنەوە بڵاودەكاتەوە

13/07/2019

نەوا

بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ جەخت لەوەدەكاتەوە كە پڕۆژەی بەستنی پێوەری ئاو لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە و بۆ پاراستنی سامانی ئاوە.
لە روونكردنەوەیەكدا بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی باسی لەوەكردووە، كە  هەندێك لە میدیاكان لەبارەی پرۆسەی دانانی پێوەری ئاو و خوێندنەوەیان هەندێ ڕاپۆرت و لێدوان بڵاو دەكەنەوە،ب ەشێوەیەك كە پرۆسەكە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا نییە لە كاتی ئێستادا.
لەو رووەوە بەڕێوبەرایەتیەكە رایگەیاندووە: كە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان، هاوكات كەمكردنەوەی ڕێژەی زێدەڕۆیی كردن لە بەكارهێنانی ئاو و دابەشكردن و گەیشتنی ئەو خزمەتگوزاریە سەرەكیەی ژیان بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی یەكسان، پرۆژەی دانانی پێوەری ئاومان پێ‌ باشترین ڕێگە چارە بووە.
راشیگەیاندووە: ئەو هاوڵاتیانەی پارەیەكی زۆریان بۆ هاتۆتەوەو گومانیان لە پسولەی ئاوەكەیان هەیە، جارێكی دیكە ئاگاداریان دەكەینەوە لەوەی، دەتوانن لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت.
جەختیشی كردۆتەوە،  پرۆژەكە لەپێناو ئەوەیە هاوڵاتیان زیاتر پارێزگاری لە سامانی ئاو بكەن لەبەرئەوەی سامانێكی بەنرخی نیشتیمانیە، ئێمەش هەوڵ دەدەین هاوڵاتیانمان بەشداری پێ‌ بكەین لە پاراستنی ئەو سامانە، هاوكات ڕایان بهێنین لەوەی ئاو بەقەد پێویستی خۆیان بەكاربێنن بۆ ئەوەی هەمووان ئاویان هەبێ‌ و كێشەی بێ‌ ئاویش كەم بێتەوە، بۆیە پێویستە هەمووان پابەندی ئەو بڕیارە بن كە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە پەسەند كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group