شاره‌زایه‌كی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌باره‌ی دیداری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌مریكا رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

21/01/2020 جیهان
نه‌وا-كاروان مه‌حمود
چالاكێكی سیاسی و شاره‌زای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایده‌گه‌یه‌نێت، دیداری به‌رپرسانی هه‌رێم و وڵاتانی زلهێز كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت بۆ پرسی كورد به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا ئه‌مریكییه‌كان كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عیراق ده‌بینن و له‌م قۆناغه‌ سیاسه‌تی ئه‌وان گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت. 
عه‌بدوڵڵا حیجاب چالاكی سیاسی و شاره‌زای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، هه‌موو دیدارێك له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی كوردو وڵاتانی دیكه‌ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت وڵاتێكی زلهێزی وه‌كو ئه‌مریكا گرنگی خۆی هه‌یه‌و بایه‌خی زیاتر به‌ پرسی كوردو سه‌ركرده‌كانی كورده‌ ده‌دات و ده‌بێته‌ كه‌ناڵێكیش بۆ گه‌یاندن و تاوتوێكردنی پرسه‌ گرنگه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ری.
وتیشی: "به‌ڵام ئاخۆ دیداره‌ چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد و داهاتووی كوردستان ده‌بێت، ئه‌و پرسێكی ته‌واو جیاوازه‌، چونكه‌ له‌ روانگه‌ی ئه‌مریكاوه‌ كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عیراق سه‌یر ده‌كرێت و ئه‌مریكییه‌كان كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عیراق ده‌بینین له‌و روانگه‌وه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌وان له‌گه‌ڵ كورد گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌".
سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی دیداری دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكاو نچێیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ داڤۆس بۆ پرسی كورد له‌ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ی ئێستا كه‌ گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو ئێران به‌رده‌وامی هه‌یه‌و له‌ عیراقیش داوای ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كرێت، عه‌بدوڵڵا حیجاب ئاشكراشیكرد، من پێم وانییه‌ ئه‌و دیداره‌ مه‌ترسی بۆ پرسی كورد دروستبكات، چونكه‌ ئێران و وڵاتانی دراوسێ ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ كورد په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ وڵاتان هه‌یه‌و له‌وانه‌ وڵاتانی زلهێزی خاوه‌ن به‌رژوه‌ندی له‌ناوچه‌كه‌، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ پێم وانییه‌ ئه‌و دیداره‌ بتوانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ دابنێت.
سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، عه‌بدوڵڵا حیجب چالاكی سیاسی و شاره‌زای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند، وه‌كو كوردێك كوردێك خۆشحاڵم به‌ سه‌ربه‌خۆیی باشوری كوردستان به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌  هیچ پشتگیرییه‌ك بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی باشوری كوردستان نییه‌و له‌م دۆخه‌ی ئێستاش سیاسه‌تێك له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌نادات كه‌ وڵاتانی جیهان پشتیوانی له‌ دۆزی سه‌ربه‌خۆیی كورد بكه‌ن، باسی له‌وه‌شكرد، به‌ڵام له‌ ئێستادا باشوری كوردستان له‌ قۆناغی دروستكردنی بنه‌مایه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، تا گۆڕانكارییه‌كی بنچینه‌یی دروست نه‌بێت و سیاسه‌تی عیراق به‌ته‌واوی به‌رانبه‌ر پرسی كورد نه‌گۆڕێت باشوری كوردستان ناتوانێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێت، ئه‌گه‌ر كارێكی له‌وجۆره‌ش بكرێت وڵاتانی دراوسێ، به‌تایبه‌ت توركیاو ئێران دژه‌ كرده‌وه‌ پیشانده‌ده‌ن وه‌كو له‌ كاتی پرسی ریفراندۆمه‌كه‌ بینیمان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group