نه‌وا
جۆ بایدن وتاری سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشكه‌شكرد، به‌ڵام دۆناڵد ترامپ ئاماده نییه دان به سه‌ركه‌وتنه‌كه‌دا بنێت، ده‌ڵێت، "سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین" و "هێشتا هه‌ڵبژاردنه‌كه یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه".
دوای ئه‌وه‌ی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراته‌كان له ویلایه‌ته‌كانی په‌نسلڤانیا و نیڤادا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و ژماره‌ی كورسییه‌كانی له ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردن گه‌یانده 290 كورسی، به‌مه‌ش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكای برده‌وه، دواتر له ویلایه‌تی دیلاوێر، له‌گه‌ڵ كامالا هاریس-ی جێگری، وتاری سه‌ركه‌وتنیان پێشكه‌ش كرد.
بایدن ویستی گرژییه‌كانی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی بڕٍه‌وێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت نیگه‌رانیی كۆمارییه‌كان، رایگه‌یاند، "من سه‌رۆكی یه‌كگرتنم، نه‌ك دابه‌شكردن، سه‌رۆكێك كه ویلایه‌تی شین و ویلایه‌تی سور نابینێت، به‌ڵكو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌بینێت، كاتی ئه‌وه‌یه ده‌رفه‌تی ئاشتبوونه‌وه به یه‌كدی بده‌ین، ئێمه هه‌موومان ئه‌مریكیین و كه‌س دوژمنی كه‌س نییه، ده‌بێت كار بكه‌ین به‌رگری له دیموكراسیه‌ت بكه‌ین و جیاوازییه‌كان وه‌لابنێین، ده‌بێت ده‌ست له‌وه هه‌ڵبگرین وه‌ك دوژمن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانماندا بكه‌ین".
بایدن دڵنیاییشی دا، كه به‌ڵێنه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێ ده‌كات، وتی "كه‌س پێم نه‌ڵێت له ئه‌مریكا شتێك هه‌یه به ناوی (ناكرێت)، له ئه‌مریكا هه‌موو شتێك ده‌كرێت، من نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو چین و توێژ و لایه‌ن و بۆچوونه جیاوازه‌كان ده‌كه‌م".
بایدن قسه‌ی له‌سه‌ر كۆرۆناش هه‌بوو، وتی "گرنگترین شت ئه‌وه‌یه ژیانی خه‌ڵك بپارێزین و ئه‌م په‌تایه كۆنترۆڵ بكه‌ین، من هیچ درێخی ناكه‌م و هه‌موو هه‌وڵی خۆم ده‌خه‌مه گه‌ڕ تاوه‌كو ئه‌م په‌تایه كۆنترۆڵ بكه‌م".
لای خۆیه‌وه دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ركابه‌ری جۆ بایدن له هه‌ڵبژاردنه‌كه، ئاماده نییه دان به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بنێت، ده‌ڵێت، بایدن په‌له ده‌كات له ناوهێنانی خۆی وه‌ك براوه‌ی هه‌ڵبژاردن.
ترامپ له راگه‌یه‌ندراوێكدا دوپاتیكرده‌وه، كه تیمی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه له دادگا سكاڵایه‌ك دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له ویلایه‌تی په‌نسلڤانیا به‌رزده‌كه‌نه‌وه، بۆیه ترامپ سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "هێشتا هه‌ڵبژاردنه‌كه یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه، بایدن په‌له ده‌كات له به‌ساخته ناوهێنانی خۆی وه‌ك براوه‌ی هه‌ڵبژاردن".