كوێستان محەمەد: چاكسازی هەبووە ژووری بەدڕەوشتی و VIP تێدا بووە

07/08/2022

نەوا-
كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، لە زیندانەكانی هەرێم مادەی هۆشبەر بە درۆن گواستراوەتەوە و ژووری كاری بەدڕەوشتی و ژووری "ڤی ئای پی" هەبووە و قەیماغ و كفتە و كەبابیان بۆ چووە.
كوێستان محەمەد لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، لە زیندانیەكانی چاكسازی لە رێگەی درۆنەوە مادەی هۆشبەر لەنێو هۆڵی چاكسازییەكەدا گوازراوەتەوە، دەستیان بەسەردا گرتووە و لیژنەی لێكۆڵینەوەمان بۆ پێكهێناوە، هەروەها مەوادی پلاستیك و وەستا بردراوەتە ژوورەوە، ژووری بچوك بۆ كاری بەدڕەوشتی دروست كراوە.
باسی لەوەش كردووە، هەروەها چووەتە چاكسازی بینیویەتی كە هۆڵێك 5 كەسی تێدایە بەڵام هۆڵێكی دیكە 20 كەسی تێدایە، جگە لەوەی دیزاینی ژوورەكە زۆر جیاوازبوو و زانیویەتی كە بەیانیان نانی گەرم و قەیماغیان بۆ دەچێت و نیوەڕوان كفتە و كەبابیان بۆ دەچێت، واتە ژوورەكە "ڤی ئای پی" بووە.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە هاتە دەرەوە بە بەڕێوەبەری چاكسازیەكەی وتووە ئەو ژوورە "ڤی ئای پی"ە لاببات، بەڵام وتویەتی كە ناتوانێت چونكە ئەگەری هەیە منداڵەكانی بڕفێنن، لەبەرئەوەی هەندێك لەو كەسانە مافیان و لە دەرەوە خەڵكیان هەیە، بەڵام لە كۆتاییدا پێی لابردوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group