یەكێتی هۆكاری نەناردنی 400 ملیارەكە دەخاتە ئەستۆی تیمی پارتی لە حكومەت

07/01/2023

نەوا-
سایتی فەرمی یەكێتی هۆكاری نەناردنی 400 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دەخاتە ئەستۆی تیمی پارتی لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سایتی پیوكەی میدیا لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی هەرێم ئامادەنیە حساباتی خیتامی بۆ بەغدا بنێرێت و بەوهۆیەشەوە ناردنی موچەی موچەخۆران و قوتی خەڵك لەلایەن حكومەتی عیراقەو‌ە بۆ هەرێم دواكەوتوەو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش باجی عینادی تیمی پارتی لەحكومەت دەدەن.

سایتەكە لێدوانی چەند پەرلەمانتارێكی بڵاوكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردوە، یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی هەمو هەوڵەكانی خستوەتەگەڕ‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام بەرپرسانی هەولێر بەبیانوی جیاجیا نایانەوێت كێشە داراییەكانیان لە بەغدا چارەسەر بكەن.
لەوبارەیەشەوە محەمەد سەیهود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە: حكومەتی عیراق وەك نیازپاكی هەموو بەڵێن و رێككەوتنەكانی بەجێگەیاندوەو پێویستە حكومەتی هەرێم بەهەمان شێوە بەڵێنەكانی وەك دۆسیەی نەوت و حساباتی خیتامی و كۆتاییهێنان بە كارەكانی دیوانی چاودێری دارایی بەئەنجام بگەیەنێت.
وتوشیەتی: لەناكۆكیەكانی هەرێم و عیراق هاووڵاتیانی هەرێم باجەكەی دەدەن و بێبەش دەبن لە مافەكانیان، بەتایبەت كەبەو هۆیەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دوادەكەوێت، لەكاتێكدا هەرێم بەردەوام نەوت بەرهەم دەهێنێت و لەئێستادا زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردەی دەرەوە دەكات كەس نازانێت داهاتەكەی بۆ كوێ دەڕ‌وات و ناشچێتە هیچ خەزێنەیەكی حكومەتی هەرێم و عیراقەوە.


هەرلەوبارەیەوە سایتەكە لێدوانێكی شیروان میرزا ئەندامی پێشویی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بڵاوكردۆتەوەو ئاماژەی بەوەكردوە، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی رابردوی حكومەتی عیراق چاكسازی حساباتی نێوان هەرێم و بەغدای تێدایە، بەڵام حكومەتی هەرێم نەپێوەی پابەندەو نە گرنگی پێدەدات، پابەندنەبونی هەرێم دەبێتە رێگر لەبەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەران لەعیراق و وەك هەمیشە هاووڵاتیان و موچەخۆرانی هەرێم دەبنە قوربانی عینادی تیمی پارتی لەحكومەت.
لە كۆتاییدا سایتی یەكێتی دەڵێت: بەهۆی نەناردنی حساباتی خیتامی بۆ عیراق لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ بڕ‌یاریداوە 400 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم نەنێرێت، ئاشكرایە كە تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم و ئاڕ‌استەیەكی ئەو حزبە هۆكارن كە كێشەی بودجەو دارایی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group