"بەغدا موچەی هێزە ئەمنییەكان خەرج دەكات"

09/06/2024

نەوا-
وەزارەتی داریی عیراق موچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی خەرجكرد.
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردستان24ـی راگەیاندوە، وەزارەتەكە موچەی تەواوی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی خەرج كردو بەمزوانە كۆی بڕە پارەكە دەخرێتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی. 
ئاماژەی بەوەشكردوە، وەزارەتی دارایی عیراق هەمو هەوڵێكی دەخاتە گەڕ تاكو موچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان پێش جەژنی قوربان خەرج بكات.
ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی زیاتر لە دو مانگ بو، هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان خەرج نەكرابو، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوای لیستی ناوی سیانی و تەواوی زانیارییەكانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی دەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو داوایەی رەتكردەوەو جەختی لەوە دەكردەوە، تەنها بەشێوەی كۆد لیستی ناوەكان دەنێرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group