نەوا-
كەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان لە نێوان هەوری تەواو و نیمچەهەور دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان لە نێوان هەوری تەواو و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ تاوەباران و بروسكە لە ناوچە شاخاوییەكان، زیاتر لە ناوچە سنووریەكانی باكوور و باكووری رۆژهەڵات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كاتەكانی ئێوارەدا كاریگەریی درێژدەبێت بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست بۆ سەنتەری شارەكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی بۆ ماوەیەكی كەم، پاشان كاریگەریی دابارین لاوازدەبێت بەرەو ناوچە سنووریەكان و هەروەها ئەمڕۆ پێشبینیی چالاكبوونی خێرایی با دەكریت لە زۆربەی ناوچەكان لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ، زیاتر لە ناوچەكانی باشووری هەرێم، تاكو كاتەكانی ئێوارە.
ئاشكراشیكردوە، لە ناوچەكانی قەزای بەردەڕەش، ئاكرێ و سەنتەری دهۆك و دەوروبەری، پێشبینیی ژمارەیەكی زۆر لە بروسكە دەكرێت، هاوكات ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ پلەی گەرمی بە 1-3 پلە نزمدەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەكان، بەتایبەتی ناوچەكانی باكوور زیاتر دادەبەزێت.
لەبارەی كەش و پلەی گەرمیی سبەی سێشەممەوە كەشناسی باسی لەوەكردوە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ بارینی كەمیك تاوەباران و بروسكە، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكانی باكور پلەی گەرمییش بە 3-5 پلە بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە.