نەوا-
بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوەو بەگوێرەی راگەیەنراوێك لەكۆبونەوەكەدا باس لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە كراوە كە خانەنشین بون و هێشتا موچەی خانەنشینیان وەرنەگرتوە، لەمبارەیەوە راسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان درا تا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەمو هەنگاوە یاسایی و كارگێڕییەكان بگرنەبەر بۆ دابینكردنی موچەی خانەنشینی ئەو كەسانە لە رۆژی شایستەبونیانەوە.
راشگەیەنراوە كە لەكۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردوەتەوە لەسەر ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵ وەك لایەنی بەرپرسیار پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو یەكسان جێبەجێ بكات و لە هەمانكاتدا تایبەتمەندی و پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.
تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بابەتی شایستەبونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینی ئەوانەی مەرجە یاساییەكانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو كردوە بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتیداوە بۆ دانانی رێكارو میكانیزمی پێویست بە پێی یاساو ڕێنماییە پەیوەندیدارەكان و دڵنیابون لە جێبەجێكردنیان بەشێوەیەكی دروست.