ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا دوو تەوەری سەرەكی تاوتوێ دەكرێن كە پەیوەستن بە رێكخستنی كاروباری گومرگی و چاكسازی لە خانەنشینی كرێكاران.
لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، پوختەی كۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو كە تایبەتە بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەك دارایی، بازرگانی، ناوخۆ، پلاندانان، كشتوكاڵ، تەندروستی، دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری رادەسپێردرێن تاوەكو لەگەڵ هاوتاكانیان لە بەغدا هەماهەنگی بكەن بۆ ئامادەسازیی و پەسەندكردنی كۆتایی ئەم سیستەمە.
تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەش، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی چاكسازییەكان لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لەم تەوەرەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەدات بۆ دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار، كە بڕیارە ئەم پارەیە لە خەزێنەی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران دابین بكرێت.
ئەم كۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی لیژنەی تەكنیكی حكومەتی هەرێم و وەزیرە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر هەردوو پرسەكە بدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group