بەغدا هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەكراون

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
پڕۆژەی "هەژماری من" دوا مۆڵەتی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راگەیاند بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان و وەرگرتنی كارتی بانكی، بەپێچەوانەوە لەلایەن بەغداوە مووچەكانیان رادەگیرێت. 
پڕۆژەی "هەژماری من" لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بڕیار دراوە ماوەی سێ مانگ دابنرێت بۆ تەواوكردنی هەموو رێكارەكانی تۆماركردنی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا.
ئاماژە بەوەشدراوە، بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی عێراق، هەر فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان تاوەكو 31ـی ئابی 2026 تۆمار نەكرابێت و كارتی بانكییەكەی لە رێگەی پڕۆژەكەوە وەرنەگرتبێتەوە، ئەوا مافە داراییەكان و مووچەكەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە رادەگیرێت و بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان نانێردرێت.
سەبارەت بە رێژەی بەشداربووانیش، ئامارە نوێیەكانی پڕۆژەكە دەریدەخەن تاوەكو ئێستا 96%ـی مووچەخۆرانی كەرتی گشتی لە سەرتاسەری كوردستان ناوی خۆیان تۆمار كردووە.
هەروەها، لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش، هەولێر و دهۆك بە رێژەی 99% لە پێشەنگدان، پاشان پارێزگای هەڵەبجە بە رێژەی 93% و پارێزگای سلێمانیش بە رێژەی 92% دێن. 
هاوكات ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی كارتی بانكییان وەرگرتووەتەوە گەیشتووەتە 862,168 كەس، لەو ژمارەیەش زۆرترین پشكی دابەشكردنی كارتەكان بەر پارێزگای هەولێر كەوتووە بە 379,204 كارت، دواتر پارێزگای سلێمانی بە 278,913 كارت دێت، پاشان لە پارێزگای دهۆك 188,164 كارت و لە پارێزگای هەڵەبجەش 15,886 كارت دراونەتە مووچەخۆران.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا داوا لە مووچەخۆران كراوە چاودێریی مۆبایلەكانیان بكەن، چونكە پڕۆژەی هەژماری من لە رێگەی ئەپلیكەیشنەكانی واتسئاپ و ڤایبەر، یانیش لەرێگەی كورتەنامەوە ئاگاداریان دەكاتەوە لە ئامادەبوونی كارتەكانیان بۆ ئەوەی بچن لە بانكێكی دیاریكراو وەریبگرنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group