هاتوچۆی هەڵەبجە: رێگەنادرێت بە وەستانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لەناو سەنتەری بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەنراوێكدا ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان و خاوەن ماتۆڕسكیلەكان دەكاتەوە، بە هیچ شێوەیەك رێگەنادرێت بە وەستانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان (تەنانەت ئەوانەشی كە كۆدیان بۆ كراوە) لەناو سەنتەری بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا.
هەر بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكە هاتنی هەر جۆرە ماتۆڕسكیلێك بە هەر بیانوویەك یان بۆ راپەڕاندنی كاروباری تایبەت، بۆ ناو سەنتەری شار بە تەواوی قەدەغەیە.
ئاشكراشیكردوە، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلانە تۆمارنەكراون و سیستمی سزای دارایی "غەرامە" نایانگرێتەوە لە كاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەكدا، تیم و مەفرەزەكانی هاتوچۆ بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان، راستەوخۆ دەست بەسەر ئامرازەكانیاندا دەگرن و رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن دەكرێن.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، هاتوچۆی هەڵەبجە داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەكات پابەندی رێنماییەكان بن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سیمای شارستانی و گەشتیاری شارەكە و دووركەوتنەوە لە لێپێچینەوەی یاسایی.