سێ فراكسیۆنی كوردستانی چەند داواكارییەكیان لەسەر گرانیی نرخی بەنزین ئاراستەی بەغدا كرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
هەرسێ فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا هەڵوێستی خۆیان لەسەر گرانیی نرخی بەنزین، غاز و سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و چەند داواكارییەكیان ئاراستەی بەغدا كرد.
لە راگەیەندراوەكەی ئەو سێ فراكسیۆنە ئاماژە بەوەدراوە، لە كاتێكدا هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست قەیرانی ئابووری و دواكەوتنی مووچەوە دەناڵێنن، بارگرانییەكی تری تاقەتپڕوكێنیان بەسەردا سەپێنراوە كە ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە.
فراكسیۆنەكان جەختیان كردەوە، بێدەنگ نابن لە ئاست ئەم ستەم و نادادییەی بەرانبەر بە كاسبكاران و شۆفێران و سەرجەم چینەكان دەكرێت.
ئەو سێ فراكسیۆنە كوردستانییە لە بەغدا، حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بە حكومەتی كاربەڕێكەر و بە بەرپرسیاری یەكەمی ئەم دۆخە و بوونی قۆرخكاری لە بازاڕی سووتەمەنیدا ناوبرد و ئاماژەیان بەوەدا، نەبوونی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەكاندا، زیانەكەی تەنها بۆ هاوڵاتیانە.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی داهاتوویان، فراكسیۆنەكان رایانگەیاند، لە رێی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان و سەردانی وەزارەتی نەوت، هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرینە بەر بۆ رێگریكردن لەم قۆرخكارییە.
هەروەها داوایان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كردووە، بەپێی بنەماكانی دەستوور، پشكی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە لە بەنزینی كوالێتی بەرز بە نرخی پاڵپشتیكراوی 450 دیناری زیاد بكەن.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست بەڵێنیان بە هاونیشتمانیان داوەو دەڵێن: بەردەوام دەبین لە بەكارهێنانی سەرجەم كارتە یاسایی و دەستوورییەكان بۆ كۆتاییهێنان بەم نادادییە و سوككردنی بارگرانییە ئابوورییەكانی سەر شانی خەڵك.