ئاسۆ فەرەیدون: پاشەكشەی هەڵبژاردن لەناو كۆمەڵەو سەندیكا ناحكومییەكاندا هەیە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئاسۆ فەرەیدون سەرۆكی كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ ئەندامانی كۆنگرەی كۆمەڵەكەسان رایگەیاندوە، لەدوای ساڵی 2013ـەوە كە وەك سەرۆك و ئەندامی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كوردستان دەستبەكاربون، چالاكییەكانیان بەردەوام بوە، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی رێكخراوی داعش و دەستپێكردنی شەڕ لە ناوچەكەدا لەگەڵ نەبونی پاڵپشتی دارایی و دواكەوتنی هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا، دوایانكرد چالاكییەكانی كۆمەڵە كەمتر ببنەوە.
ئاسۆ فەرەیدون راشیگەیاندوە، چەندینجار داواكارییان كردوە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستاش ئەو پرۆسەیە جێبەجێ نەكراوە كە بەپێی پەیڕەو دەبو هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنی ئاسایی ئەنجام بدرێت .
وتوشیەتی: ئەم دۆخە تەنها تایبەت بە كۆمەڵەكەیان نییە بەڵكو لە چوارچێوەی پاشەكشەیەكی گشتیی پرۆسەی هەڵبژاردنە لەناو كۆمەڵەو سەندیكاو دامەزراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستاندا وەك بەشێك لەو پاشەكشەیەی كە لە پرۆسەی دیموكراسی لەكوردستان بەدیدەكرێت، ئەمەش بە رونی لە چەندین نمونەدا رەنگی داوەتەوە كە دیارترینیان پەرلەمانی كوردستانە  لەكاتێكدا نزیكەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەكانیدا تێپەڕیوە تائێستا كۆبونەوەی یاسایی و فەرمیی پەرلەمان لە كات و ساتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group