عەلی زەیدی: بەمزووانە هاوبەشییەكی ئابووری و سیاسی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن ڕادەگەیەنرێت

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "ئەلحەدەس" باسی لەوەكردوە، هیچ پەیوەندی و دەستێوەردانێكی ناوخۆیی یان دەرەكی نییە بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوەكان و ڕاگرتنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
 ئاشكراشی كرد، دانپێدانانەكانی عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوت، ناوی چەندین كەسی تێوەگلاوی ئاشكرا كردووە، بەپێی ڕێكارە یاساییەكانیش دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردوون و ئاراستەی حكومەتی كردووە بۆ جێبەجێكردنی. 
زەیدی جەختیشی كردەوە، تانك لە ئۆپەراسیۆنی "صولە الفجر" (هێرشی بەرەبەیان) بەكارهێنراوە بۆ داخستنی ناوچەی سەوز، هەروەها هیچ بژاردەیەك لەبەردەم تۆمەتبارانی گەندەڵیدا نییە جگە لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
سەبارەت بە دۆسیەی گروپە چەكدارەكان، سەرۆك وەزیران ڕوونی كردەوە، هەندێك لە گروپە چەكدارەكان پێیان وایە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ناكشێنەوە، بەڵام حكومەت بەرنامەیەك بۆ ڕادەستكردنی چەك ئامادە دەكات و دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتە دیاریكراوەكەش، چەكی ئەو گروپانە تەنها لەدەستی دەوڵەتدا دەبێت و چالاكییەكانیشیان دەگوازرێتەوە بۆ كایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی.
 ڕاشیگەیاندوە، هاوتەریب لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئامادەكاری دەكەن بۆ سازدانی كۆنگرەیەكی گەورە بە ناونیشانی كۆنگرەی سەروەریی نیشتمانی.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لە پرسە ئابووری و دیپلۆماسییەكان كرد و وتی، ناردنی شادەمارەكانی دۆلار پابەندە بەو پێوەرانەی بانكی ناوەندی پەسەندی كردوون و پێداویستییە نەختییەكانی عێراقیش لە سەرەتای هەر ساڵێكدا بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی وردی بانكی و ئەمنی دیاری دەكرێت.
لەسەر ئاستی دەرەوەش ئاشكرای كرد، بەمزووانە هاوبەشییەكی ئابووری و سیاسی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن ڕادەگەیەنرێت و هەوڵیش دەدەن لەیەكترتێگەیشتن لە نێوان ئەمریكا و ئێران دروست بكەن، چونكە عێراق خاڵی بەیەكگەیشتنە نەك گۆڕەپانی ململانێ و ناچێتە ناو هیچ جەمسەرگیرییەكەوە.
لە كۆتاییدا زەیدی رونیكردۆتەوە، پلانیان هەیە سەردانی ڕیاز بكەن بۆ زیاتركردنی لێكتێگەیشتنەكان و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان، دووپاتیشی كردەوە كە عێراق لە ڕێكخراوی ئۆپێك ناكشێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group