هاتوچۆی هەولێر: تابلۆی ئۆتۆمبێلە كارەبایەكان جیادەكرێتەوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا تابلۆی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان لە ئۆتۆمبێلە ئاساییەكان جیا بكاتەوە.
عەقید هێمن ئەمین وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان جیاكارییان بۆ بكرێت.
عەقید هێمن ئاماژەی بەوە كرد، تابلۆ نوێیەكە هەمان شێوەی تابلۆكانی دیكەی دەبێت، بەڵام لۆگۆیەكی تایبەتی لەسەر شێوەی "بروسك" بۆ زیاد دەكرێت كە هێمای كارەبایە، ئەمەش بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەكان بناسرێنەوە.
سەبارەت بە هۆكاری ئەم جیاكارییە، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەكردوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێكی تەواو كارەبایی ئاگر بگرێت، نابێت بە ئاو بكوژێندرێتەوە، بەڵكو دەبێت تیمەكانی بەرگریی شارستانی دەرمانی تایبەت بەكاربهێنن، بۆیە بوونی ئەو لۆگۆیە تیمەكان ئاگادار دەكاتەوە كە چ جۆرە ئاگركوژێنەوەیەك بەكاربهێنن.
هەروەها وتیشی، لە داهاتوودا شوێنی تایبەت بۆ بارگاویكردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دروست دەكرێت و ئەم رێكارانەش بە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێشكەوتنە جیهانییەكان و رێكارە نێودەوڵەتییەكاندا هاوتەریب بێت، چونكە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو جۆرە هێمایە بۆ ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان بەكار دەهێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group