نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاویكردەوە: بەپێی ئامارەكانی بەشی وزە نوێبوەكانی بەڕێوبەرایەتی تەكنیك لەسنوری پارێزگای سلێمانی، دانانی سیستمی كارەبای وزەی خۆر رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زیادبونەو كۆی گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا لەوزەی خۆر تا رێكەوتی 9/8 گەیشتوەتە زیاتر لە 102 مێگاوات.
ئاماژەی بەوەشكردوە: هەر بەپێی ئامارەكە تا ئەو بەروارە ژمارەی ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە سیستمی سۆلاریان داناوەو لە بەشی وزە نوێبوەكان تۆماركراون گەیشتوەتە چوار هەزارو 562 هاوبەش و بڕی بەرهەمهێنانی كارەبایان گەیشتوەتە 102.847 مێگاوات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕو: هەر بەپێی داتاكان ئەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلاریان داناوە سێ هەزارو 747 هاوبەشی ماڵان، 659 هاوبەشی بازرگانی، 156 هاوبەشی پیشەسازی و كشتوكاڵی و حكومین.