نەوا-
سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كۆبوەوەو لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیانەوە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، تاوتوێی قەیرانە بەردەوامەكانی هەرێم و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكەیان كردوە، هەڵوەستەیان لەسەر دۆخی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان كردوەو كێشەكانی موچە، زیادكردنی باج، گرانیی سوتەمەنی و بازاڕ لەلایەن خودی دەسەڵاتەوە دروستكراون و حكومەتی هەرێم بەرپرسیاری یەكەمە لە چارەسەرنەكردنیان.
جەختیشیكردوەتەوە، ئەگەر سەرچاوە سروشتییەكان و خاڵە سنورییەكان و داهاتی ناوخۆ بەدروستی ئیدارە بدرێن، هەرێمی كوردستان لە ڕوی داراییەوە چاوی لە دەستی كەس نابێت.
ئاماژەشیانكردوە، باسیان لە ئاییندەی سیاسیی هەرێم كردوەو ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەكان هەرێمی كوردستان بەرەو ئاییندەیەكی نادیار دەبات، بەپێویستی دەزانن لەم قۆناغە هەستیارەدا هەمو هەوڵێك بدرێت بۆ سەقامگیری و پاراستنی هەرێم لە جەنگ و قەیرانی گەورەتر.