فەرمانبەرانی رێكخراوەكان بەپێی یاسا تەواوی مافەكانی راژەی شارستانی و خانەنشینییان پێدەدرێت

4 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بەپێی گشتاندنێكی فەرمی وەزارەتی دارایی كە بە واژووی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری، لە رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2026 دەرچووە، بڕیاردرا فەرمانبەرانی رێكخراوەكان بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان تەواوی مافەكانی راژەی شارستانی و خانەنشینییان پێبدرێت.
لە بریارەكە ئاماژەبەوەكراوە، لەمەودوا لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەك فەرمانبەری ئاسایی و سەر بە میلاكی هەمیشەیی مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی رێكخراوەكان دەكرێت، هەروەها سەرجەم مافە یاسایی، كارگێڕی و داراییەكانیان بۆ دەستەبەر دەكرێت و خزمەتەكانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكە بۆ خانەنشینی هەژمار دەكرێت.
فەرمانبەرانی رێكخراوەكان ئەو كەسانەن كە پێشتر لە رێكخراوە حزبی و سیاسییەكاندا كاریان كردووە و دواتر راژەكانیان گواستراوەتەوە بۆ سەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم توێژە بۆ ماوەی چەندین ساڵ رووبەڕووی گرفتی یاسایی ببوونەوە بەهۆی هەژمارنەكردنی خزمەتەكانیان، بەتایبەتی لە كاتی خانەنشینبووندا كە نەدەتوانرا مافە داراییەكانیان بۆ خەرج بكرێت.
بەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی دارایی، چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانە بە یەكجاری یەكلایی كرایەوە و هەموو ئەو ئاستەنگانە لادران كە لە رابردوودا لەبەردەم وەرگرتنی مافەكانیاندا هەبووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group