مەسرور بارزانی: زۆر جێگەی داخە دوای زیاتر لە 20 مانگ نەمانتوانیوە حكومەت پێكبهێنین

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانە كە دوای 20 مانگ هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێنراوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ "ئەلمۆنیتەر"، بە راشكاوی باسی لە دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند، زۆر جێگەی داخە دوای زیاتر لە 20 مانگ نەمانتوانیوە حكومەت پێكبهێنین. بەڵام ئەمە خواستی ئێمە نەبوە. ویستی شەخسی من ئەوەبوە كە دەسبەجێ حكومەت پێكبهێنرێت.
باسی لەوەشكرد، ئەوان لە سەرەتاوە دەیانویست حكومەتێكی گشتگیر پێكبهێنن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ببێتە هاوبەشی سەرەكییان، بەڵام یەكێتی چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراقی دەكرد و پێشبینی دیكەی هەبو. 
بارزانی وتیشی، دوای هەڵبژاردنەكانیش دەركەوت كە پارتی نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی هەمو عێراقیش زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، كەچی ئەمەش نەبوە هۆی هاندانی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت.
مەسرور بارزانی باسی لەوەشكرد، پێكنەهێنانی حكومەت كاریگەری نەرێنی لەسەرمان هەبوە، و تەنانەت هاوبەش و دۆستانمان لە هەمو جیهان هانمان دەدەن بۆ ئەنجامدانی ئەمە، ئێمەش ئەوەمان دەوێت. هەڵبژاردنمان ئەنجامدا، و دەبو پەرلەمان كۆببێتەوە و دەست بكات بە كارەكانی.
بارزانی بە توندی رەخنەی لە پەكخستنی دامەزراوەی یاسادانان گرت و ئاشكرایكرد، ئێمە تەنیا لایەنێن كە داوای كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەین، بەڵام ئەوانەی پەرلەمانیان بە بارمتە گرتوە و رێگری لە دەستبەكاربونەوەی دەكەن، دەبێت بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرن.
دەشڵێت، من بەردەوام دەبم لە درێژكردنی دەستی دۆستایەتیم و داوا لە هەموان دەكەم بێن و پەیوەندیمان پێوە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group