نەوا-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دەڵێت، مەبەستمانە ژیریی دەستكرد بهێنینە ناو چارەسەرییەكانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا.
د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، ئەو زەوییەی بۆ نەخۆشخانەی هیوای گەورە دابینكراوە، هیچ كێشەیەكی تێدا نییە، تەنانەت هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لە دانانی زەوییەكە بۆ شتی دیكە دەكەن.
هەروەها، جەختی لە ئەنجامدانی كۆنفڕانسێكی گشتی و زانستی كرد لەبارەی شێرپەنجە و روونیكردەوە، لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو گەورەترین كۆنفڕانسی شێرپەنجە لە سلێمانی لە نەخۆشخانەكە دەكرێت و لەژێر سەرپەرشتیی تەندروستیی سلێمانی دەبێت كە دەبێتە نوێبوونەوەیەك بۆ هەموو بەشەكانی شێرپەنجە.
د. یاد نەقشبەندی باسی لەوەشكرد، لەسەر بنەمایەكی زانستی خۆراك بۆ تووشبووان و هاوەڵەكانیان دابیندەكرێت و لە بری چێشتخانەیەك دوو چێشتخانەمان هەیە.
لە كۆتایی قسەكانیدا د. یاد نەقشبەندی دەڵێت: پێدانی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا بەراورد بە هەموو سەنتەرەكانی دیكەی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان و عێراق لە باشترین ئاستدایە، بەڵام هێشتا كەموكورتی هەیە.
ئەوەش روون دەكاتەوە، بەپێی بودجەی هەرێمی كوردستان دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا دابیندەكرێت، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری نەخۆشەكان هی پارێزگاكانی عێراقن، بە بێ ئەوەی هەژماری بوودجە بۆ ئەوان كرابێت و حكومەتی فیدڕاڵی تەنیا بەشی هەرێمی كوردستان دەرمان دابیندەكات.
باسی ئامارێكیش دەكات كە لە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیەوە تاوەكو ئەمڕۆ لانیكەم 15 بۆ 20 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار كراون كە هی ناوچەكانی خوارووی عێراقن.