نەوا-
وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی دا كە هیچ مەبەست و پلانێك نییە بۆ ئەوەی 45 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش بكرێت.
فالح ساری وەزیری دارایی عێراق لە میانی گفتوگۆیەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە شارەزایان و پسپۆڕان ڕایگەیاند، مانگانە نزیكەی حەوت تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەكرێت، هەروها، وەزارەتەكەی كاری لەسەر بەرزكردنەوەی مووچەی پلە نزمەكان دەكات.
وەزیری دارایی باسی لەوەكردوە، وەزارەتەكە بۆی دەركەوتووە كە قەبارەیەكی زۆر لە هەڵاوسانی تێچوونەكاندا هەیە و كار لەسەر چارەسەركردنی ئەم هەڵاوسانە و كۆنترۆڵكردنی خەرجییەكان و بەرزكردنەوەی كارامەیی بەكارهێنانی سەرچاوە دارایییەكان دەكات.
فالح ساری لەبارەی دۆسیەی باجەوە دەڵێت، وەزارەتی دارایی نزیكەی 3800 باجدەری گەورەی كردووەتە ئامانج لە كاتێكدا تەنها نزیكەی 1300 باجدەر پابەندی پارەدانن.
لەبارەی قەرز و پێداویستییە دارایییەكانیشەوە، ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی دارایی نزیكەی 20 تریلیۆن دیناری لای لایەنەكانی ترەوە و وەزارەتی دارایی كاری لەسەر ڕێكخستن و چارەسەركردنی ئەو بابەتە دەكات.
فالح ساری لەبارەی هەناردەكردنی نەوتیش ئاشكرای كرد، بۆرییەكی سعودی ـ كویتی هەیە كە بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت و توانای گواستنەوەی تا دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێكدا و دەكرێت عێراقیش بەشداری تێدا بكات.