نەوا-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت بەردەوامن و هەردوولا نیەتیان هەیە پرۆسەكە لەم پایزەدا یەكلایی بكەنەوە.
هەرچەندە هێشتا هەندێك بەربەست ماون، بەڵام بەشێكیان چارەسەر كراون و بە گەشبینییەوە دەڕوانرێتە داهاتووی پێكهێنانی كابینە نوێیەكە.
سەبارەت بە هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، قوباد تاڵەبانی ڕوونیكردەوە كە بوونی ئەم هاوپەیمانێتییە مەرج نییە بە واتای بەشداریكردنی نەوەی نوێ بێت لە حكومەتدا، بەڵكو ئەوان سەرپشكن لە بڕیاردان بۆ بەشداریكردن یان هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، و یەكێتیش شانازی بەو هاوپەیمانییە جدییەوە دەكات و ڕێز لە بڕیارەكانیان دەگرێت.
ئەم پێشكەوتنە سیاسییە دوای نزیكەی دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دێت، لە كاتێكدا دۆخەكە و فشارەكان وایكردووە بەستەڵەكی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەرەو توانەوە بڕوات.