مەسرور بارزانی: رێگە بە دابەشكردنی هەرێمی كوردستان نادەین
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی راگەیاندنی دووەم قۆناغی پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر رایگەیاند، پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەركی هەمووانە و رێگە بە دابەشكردنی هەرێم نادەن.
باسی لەوەشكرد، لە هیچ شتێك سڵ ناكەینەوە بۆ ئەوەی رێگری لە دابەشبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەین، داواشی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد دژی دابەشكردنی هەرێم بوەستنەوە.
دووپاتیشیكردەوە، بە هەموو هەوڵ و توانای خۆیان و بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان، رووبەڕووی هەموو ئەو هەڵمەتانە دەبنەوە كە بیانەوێت هەرێمی كوردستان دابەش و لەت بكەن، جەختیشیكردەوە، كە پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان رووبەڕووی ئەو هەڵمەتانە ببنەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر، مەسرور بارزانی وتی، دەستێكی رەش هەوڵ دەدات ژێرخانی كوردستان بكاتە ئامانج، راشیگەیاند، لێدان لە كۆرمۆر تاوانە بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كوردستان و عێراقیش.
هاوكات داوای كرد لێكۆڵینەوەكان لە هێرشەكەی سەر كۆرمۆر بە زووترین كات بگەنە ئەنجام و ئەنجامەكان رابگەیەنرێن، تاوەكو ئەوانەی هێرشەكەیان كردووە سزا بدرێن.