دیداری سلێمانی بۆ چارەسەرو پاراستنی ئالودەبوان دەستیپێكرد
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی (دیداری سلێمانی بۆ چارەسەرو پاراستنی ئالودەبوان) دەستیپێكردو تێیدا هۆكارەكانی ئالودەبون بە ماددەی هۆشبەرو رێگاكانی خۆپاراستن لێی و چارەسەرەكان دەخرێنەڕوو.
شاسوار شێخ عەتا ئەندامی تیمی ئامادەكاری دیدارەكە رایگەیاندوە، ئەم دیدارە تایبەتە بە بابەتی ئالودەبون بە مادە هۆشبەرەكان و لە سێ لایەنی سەرەكییەوە (یاسایی، تەندروستی و ئایینی) باس لەم كێشەیە دەكرێت.
ئاماژەشیكردوە، بەپێی یاسا كەسانی ئالودەبو بە مادە هۆشبەرەكان بە رەسمی بە نەخۆش دانراون و دەبێت لەڕێگەی خزمەتگوزاریی راهێنانەوەو شیانەوەیان بۆ بكرێت، بەڵام تائێستا لە دادگاكان و لەناو كۆمەڵگەدا هێشتا وەك تاوانبار یان كەسێكی بێزراو سەیر دەكرێن و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئامانجی سەرەكی دیدارەكەش ناساندنی ئەم كەسانەیە بە كۆمەڵگە وەك قوربانی نەك تاوانبارو دۆزینەوەی رێگاكانی چارەسەرو هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە.