نەوا-
شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت، لە ئەنجامی كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەكی لاواز ئەگەری بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما هەیە.
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو، لە نێوان كاتەكانی بەیانی بۆ ئێوارەش ئەگەری بارینی بارانێكی مامناوەند و پچڕپچڕ بەسەر ناوچەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و ئیدارەكانی زاخۆ و سۆراندا دەبێت.
باسی لەوەشكرد، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا، لە سەنتەری پارێزگای هەولێر، ئیدارەی ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای سلێمانی ئەگەری نمەباران دەبێت.
ئەو شارەزایی كەشناسیە ڕوونیشیكردووەتەوە، پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 تا 3 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت لە نێوان 5 بۆ 10 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.