هەدەپە: لە شارێكی باكور 8 هەزار ناوی وەهمی خراوەتە تۆماری دەنگدەران

18/01/2019

 

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) باس لەوەدەكات تەنها لە شارێكی باكوری كوردستان هەزاران ناوی وەهمی خراونەتە ناو لیستی تۆماری دەنگەران و پارتی دەسەڵاتداری توركیا و دەستەی هەڵبژاردنەكان بەو كارە تۆمەتبار دەكات.
دەستەی كارگێڕی لقی رێكخستنەكانی جۆڵەمێرگی هەدەپە رایگەیاند، لێكۆڵینەوەیان لە تۆماری دەنگدەران كردووە، دەركەوتووە هەشت هەزار و 199 دەنگدەر كە خەڵكی جۆڵەمێرگ نین و نیشتەجێی نین و هیچ ناونیشانێكیشیان نییە، ناوەكانیان لە تۆماری دەنگدەران هاتووە. 
رێكخستنەكانی جۆڵەمێرگ تەواوی لیستی ناوەكانیان دەرهێناوە و داوایەكی یاساییان پێشكەشی دادگای كارگێڕی شارەكە كردووە بۆ ئەوەی ئەم ناوانە لە جۆڵەمێرگ بسڕێنەوە. 
بەپێی زانیارییەكانی هەدەپە، لەم ژمارەیەدا چوار هەزار و 239 كەس ناویان لە 31 گەڕەك وەك ناونیشان دەستنیشانكراوە، بەڵام لە كاتی سەردانیكردنیان و لێكۆڵینەوەیان لەرێگەی موختار و ئیدارەی خۆجێییەوە دەركەوتووە ئەم ناوانە بەهیچ شێوەیەك لەم ناونیشانەدا بوونیان نەبووە. 
هەدەپە، ئۆباڵی ئەو ساختەكاریەی خستوەتە ئەستۆی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە.
جێی باسە بڕیارە مانگی ئاداری ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە توركیا بەڕێوەبچیت و لە باكوری كوردستانیش كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا زۆرینەی شارەوانیەكان كەوتەدەست هەدەپە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ركابەری توند لە نێوان ئەو حزبە و ئاكەپەدا هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group