دیندار زێباری: لە شەڕی دژبە داعش نزیكەی 12 هەزار پێشمەرگە برینداربوون

12/09/2019

نەوا
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: " لە شەڕی دژبە داعش، نزیكەی 12 هەزار پێشمەرگە برینداربوون، لەنێویاندا 293 كەسیان كەمئەندام بوون".
لە رۆژانی10 و 11ی ئەم مانگە خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێڤ بەسترا، تیایدا شاندێكی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كرد، گفتوگۆكانی راپۆرتی سەرەتایی عیراق تایبەت بە رێككەوتننامەی مافی كەم ئەندامان لە میانی دوو رۆژی كۆبوونەوەكە كرا.
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم و سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەكرد كە بەشداریكردنی ھەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی گوتاری ھەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراق لە خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر نەتەوە یەكگرتووەكان گرنگی خۆی هەیە بۆ خستنەڕووی پابەندبوونەكانی حكوومەتی هەرێم كە هەنگاوی زۆری ئەنجامداوە لەو رووەوە "وەك ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە كرداریانەی كە لە بواری پاراستن و خزمەتكردنی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و كەم ئەندامان دەرچوون لەوانەش یاسای ژمارە (22ی ساڵی2011) یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و رێنماییەكان تایبەت بەم چینە".
دیندار زێباری وتوشیەتی: "دوای هێرشەكانی داعش نزیكەی دوو هەزار پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و 12 هەزاریش بریندار بوون و ئەندامێكی لەشیان لە دەستدا كە هەندێكیان تووشی كەم ئەندامی تەواو بوون لەوانە 235   پێشمەرگە دەست یان قاچێكیان لە دەستدا و  20 پێشمەرگە توانای بینینیان لە دەستدا و  38 پێشمەرگە تووشی ئیفلیجی تەواو بوون و عەرەبانە بەكاردەهێنن بۆ هاتووچۆكردن".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group