"مۆڵەت بە هیچ پرۆژەیەك نادرێت تایبەتمەندی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت رەچاو نەكات"

10/12/2019 نەوا

لەمەودوا حكومەتی هەرێم مۆڵەت بە هیچ پرۆژەیەك نادات تایبەتمەندی خاوەن پێداویستی تایبەت رەچاو نەكات لە دیزاین و دروستكردنی بینا و باڵەخانەدا.
رۆژی یەكشەممە 8-12-2019 كۆبوونەوەی‌ فراوانی (سلێمانی‌، بەرەو ئامانجی‌ باشترین ژینگە بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت) بۆ فەرمانگەكانی سلێمانی بەڕێوەچو. لە سەرەتای‌ كۆبونەوەكەدا، عومەر گوڵپی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی ئامانجەكانی‌ گفتوگۆكانی خستەڕو، كە مەبەست لە هەڵسەنگاندنی‌ ئەو كارو خزمەتانەیە لەئێستادا بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە سنوری‌ پارێزگاكە‌ ئەنجامدەدرێن، سەرەڕایو دانانی‌ پلان‌و بەرنامە بۆ داهاتووی‌ كاری‌ فەرمانگەكان ئەوەش بۆ بەرزكردنەوەی‌ ئاستی‌ خزمەتگوزاری‌ تایبەت بە هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت.


وتیشی "بەپێی‌ بەڵگەو داتاكان، پارێزگای‌ سلێمانی‌ پێشەنگە لە بواری‌ كاركردن بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت‌ و هوشیاری‌ هاووڵاتیان بەرانبەر مافەكانی‌ كەمئەندامان‌ و چۆنیەتی‌ بەجێهێنانی‌ ئەركەكان لەلایەن دامەزراوەكانی‌ حكومەت ‌و كەرتی‌ تایبەت‌ و ڕای‌ گشتی‌، بەڵام ئەم دەرئەنجامە بە هیچ جۆرێك لە ئاست كێشەو گرفتی‌ هاووڵاتیانی‌ كەمئەندام‌ و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت نییە، چونكە سەرجەم فەرمانگەكان بەو توانایانەی‌ ئێستایان دەتوانن كاری‌ باشتر ئەنجامبدەن".
هەر لە كۆبونەوەكەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ سلێمانی‌ وتەیەكی پێشكەشكرد و پاڵپشتی‌ بۆ بۆ فەرمانگەكان دەربڕی‌ بۆ هێنانەدی‌ ئەو ئامانجەی‌ كۆبونەوەكەی‌ بۆ رێكخراوە.


بەشی‌ دووەمی‌ كۆبونەوەكە پێكهاتبو لە خستنەڕوی‌ راپۆرتی‌ فەرمانگەكان و بەشداربوان سەبارەت بەو پرۆسە كارگێڕی‌ و یاساییانەی‌ لە دامەزراوەكانیان تایبەت بە كەمئەندامان بەڕێوەدەچێت ‌و ئەو ئاسانكارییانەی‌ بۆ هاووڵاتیانی‌ كەمئەندام دەكرێن.
لە بەشی‌ سێیەمی‌ كۆبوونەوەكەدا، ئامادەبووان گفتوگۆی‌ راپۆرت‌ و ئەو بڕگانەی‌ یاسای‌ ژمارەی‌ 22ی‌ ساڵی‌ 2011ی‌ ماف‌ و ئیمتیازی‌ كەمئەندامان‌ و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت جێبەجێ نەكراون، هەروەها پێشنیاركردنی‌ باشترین رێوشوێن بۆئەوەی‌ چاكتر ئەو یاسایە جێ بەجێبكرێت و لە ئاستێكی‌ بەرزدا ژینگەی‌ گونجاو بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت فەراهەم بكرێت.
لە بەشێكی‌ كۆبونەوەكەدا، ئارەزو غەفور سەرپەرشتیاری‌ پەروەردەیی‌ لە دیوانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ وتەیەكی‌ لەبارەی‌ ئەزموونی‌ وڵاتی‌ ژاپۆنەوە بۆ بەشداریپێكردنی‌ كۆمەڵایەتیانەی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت خستەڕو.


لە ئەنجامی‌ كۆبونەوەكە و گفتوگۆكان، ئامادەبوان كۆكبوون لەسەر ئەم خاڵانەی‌ خوارەوە:
1- مۆڵەت بە هیچ بیناو پڕۆژە و شوێنێكی‌ ئیش نەدرێت ئەگەر تایبەتمەندی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت رەچاو نەكات ‌و جێبەجێی نەكات.
2- فەرمانگەكان كۆبوونەوەیەكی‌ بەڕێوەبەرایەتی ‌‌و فەرمانگەكانیان تەرخان بكەن بۆ گفتوگۆی‌ ئەو پرۆسە كارگێڕییانەی‌ بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بەڕێوەدەچن.
3- لە هەر فەرمانگەیەك دوو كارمەند تەرخان بكرێت بۆ ڕاییكردنی‌ مامەڵەی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت.
4- كارئاسانی‌ تەواو بكرێت بۆ كەمئەندامان ‌و ئیش ‌و كارەكانیان لەسەر قورس نەكرێت.
5- لە سەرجەم شوێنەكانی‌ وەستانی‌ ئۆتۆمبیل شوێنی‌ تایبەت بە ئۆتۆمبیلی‌ كەمئەندامان تەرخان بكرێت.
6- بەشی‌ ئەندازیاری‌ لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ئامادەی‌ پێشكەشكردنی‌ هاوكارییە بۆ سەرجەم فەرمانگەكان بۆ جێبەجێكردنی‌ رێبەری‌ ستانداردە ئەندازیارییەكان بۆ رەچاوكردنی‌ تایبەتمەندی‌ كەمئەندامان لە پڕۆژەو بیناو باڵەخانەكاندا.
جگە لە گەڵاڵەكردنی‌ چەند پێشنیارێكی‌ تری‌ گونجاو بۆ دامەزراوەكان لە ئاستی‌ وەزارەت بۆ دەركردنی‌ رێنمایی‌‌ و ئاراستەكردنی پێشنیاریش بۆ پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی‌ یاسا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group