هاتوچۆی گەرمیان: ناتوانین تەنها بارهەڵگرەكان بە هۆكاری روداوەكانی هاتوچۆ دابنێین

21/01/2020

نەوا-لاڤە كوردە
هیچ رۆژێك تێناپەڕێت گوێمان لە هەواڵی روداوێكی هاتوچۆ و كەوتنەوەی قوربانی نەبێت، لە ماوەی دوو هەفتەدا لە رێگای كۆیە –هەولێر بارهەڵگرێك خۆی كێشا بە ئۆتۆمبێلێكدا و گڕیان گرت، رۆژی یەكشەممەش لە رێگای دەربەندیخان-وارماوە بارهەڵگرێك خۆی كێشا بە پاسێكدا كە هەردوو روداوەكە قوربانی لێكەوتەوە، لە دوای روداوەكەی كۆیە بڕیارێك دەرچوە كە رۆژانە لە كاتژمێر 7ی بەیانی تا 7ی ئێوارە هاتوچۆی بارهەڵگر قەدەغەكراوە، بەرپرسانی هاتوچۆش دەڵێن "قەدەغەكردنی لێخوڕین بۆ چەند كاتژمێرێك لە بارهەڵگرەكان روداوەكان كەمناكاتەوە و دەبێت پلان هەبێت".
 كارزان مەجید وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان لە میانی بەشداری بەرنامەی شەقام-ی رادیۆ نەوا وتی "ناتوانین تەنها بارهەڵگرەكان بە هۆكاری روداوەكانی هاتوچۆ دابنێین، بۆ ئێمە باس لە ئامێر و كەسەكان نەكەین واتە شۆفێری بارهەڵگرەكان، هەروەها ئەو شێوازی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریەی هەیە كە تا ئێستا شێوازێكی كلاسیكیە ودەبێت گۆڕانكاری لە سەرلەبەری بكرێتن چونكە ئەوە دەرەنجامەكەیەتی كە لە ساڵی 1991ەوە تا ئێستا فەشەلی هێناوە، هەنگاوی یەكەم ئەوەیە حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان پلانی ستراتیجی دوور مەودایان هەبێت كە بۆ نزیكەی 15 ساڵی دیكە ئەنجامەكەی ببینین".

وتەبێژی هاتوچۆی كۆیەش زۆری روداوەكانی هاتوچۆ لە سنورەكەیان بۆ خراپی رێگاوبانەكان دەگەڕێنێتەوە و پێیوایە سەرەڕای نۆژەنكردنەوەش هەر گرفت هەیە و بە ناچاری بڕیاری  قەدەغەی هاتوچۆیان بۆ 12 كاتژمێر بۆ بارهەڵگرەكان داوە ، سەنگەر سەعید وتەبێژی هاتوچۆی كۆیە بۆ بەرنامەكە وتی "هۆكاری سەرەكی روداوەكان تا ساڵی رابردووش خراپی رێگاوبانەكان بو، ئێستاش كە نۆژەنكراونەتەوە هەر هۆكارن و رێگای كۆیە-هەولێر لە ساڵی 1959 تا ئێستا هەر هەمان دیزاین و رێگایە، ئەو بڕیارەی داومانە ناچاریە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر بارهەڵگر لە رێگاكانی كۆیە هاتوچۆ دەكەن ئەوەش بەهۆی ئەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكە بە ناوی خۆیانەوە نیە و ناتوانن لە رێگای كەركوكەوە بڕۆن چونكە باجی زیاتریان لێوەردەگیرێت و بەو هۆیەوە هەردوو رێگای سلێمانی و هەولێر بەكاردەهێنن". 

وتەبێژەكەی هاتوچۆی كۆیە دەشڵێت "چەند پێشنیارێكمان داوە بە قائیمقامی كۆیە وپارێزگاری هەولێر بۆئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت"، هەروەها وتی "بەهۆی ئەو بڕیارەوە گرفتمان بۆ دروستبوە چونكە لە سەنتەری كۆیە كاتێك روداوێك دەبێت لە نەخۆشخانە ئامێری پێویست نییە و نەخۆشەكان دەگوازرێنەوە هەولێر، یاخود خوێندكاری زانكۆ هەیە لە بەشی ئێوارانە و هاتوچۆ دەكەن، كەواتە لۆدێكی زۆر لەكاتی ئەوان لە رێگاكان دروستبوەن بۆیە دەبێت چارەسەری دیكە بدۆزرێتەوە  و ئێستا لە بەنداوی سماقوڵی كە بەهۆی ئەوەی رێگاكە تا دوو تۆن هەڵدەگرێت بارهەڵگرەكان ناتوانن هاتوچۆی لێوە بكەن، بەڵام پردێك دروست دەكرێت بە تەواو بوونی بارهەڵگرەكانیش دەتوانن بەسەریدا بڕۆن و مانگی دووی ئەمساڵ كارەكە تەواو دەبێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group