كۆماری كوردستان.. بەرگێك بە بەر خەونێكی لەمێژینە

21/01/2020 نەوا

نەوا
74  ساڵ بەرلەئێستا و لە رۆژی 2ی رێبەندان واتە 22ی كانونی دووەمی 1946 لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد، كۆماری كوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە وەك سەرۆكی ئەو كۆمارە راگەیەندرا.
هەرچەندە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە هەلومەرجی جەنگی دووەمی جیهانی و دابەشبوونی ئێران بەسەر ئەمریكا و سۆڤیەت و بۆشایی سیاسی لە تاران هاتەئاراوە، بەڵام ئەو كۆمارە بەرگێك بوو بە بەر خەونێكی لە مێژینەی كورددا كرا، كە بریتیبوو لە بوونی بە خاوەنی قەوارەیەكی سیاسی.
كۆماری كوردستان لە سەرەتاوە بە پشتیوانی یەكێتی سۆڤیەت پێكهات و لەلایەن ئەو وڵاتە زلهێزەوە، كە یەكێك بوو لە براوەكانی جەنگی جیهانی، دانیپێدانرابو.
20 رۆژ دوای راگەیاندنی كۆمار و لە 11 شوباتی هەمان ساڵدا كابینەی حكومەتی كۆماری كوردستان، كە لە 14 وەزیر پێكهاتبوو بە سەرۆكایەتی حاجی بابەشێخ دەستبەكاربوو، ئەوەش بووە یەكەم دەستكەوتی كۆمار، لە پاڵ ئەوانەدا گرنگیدان بە پرسی ژنان، زمانی كوردی، پەروەردە و پەرەپێدان بە كاری رێكخراوەیی و بەرجستەكردنی هێما نەتەوەییەكانی وەك ئاڵا و سرودی نیشتمانی و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی، جێی بایەخی كۆمار بو.
لەپاڵ هەموو ئەو كارانەشدا بەرپرسانی كۆمار توانییان چاپخانەیەك لە حكومەتی سۆڤیەت بكڕن و بەهۆیەوە چەندین بڵاوكراوە لە رۆژنامە و گۆڤار بە زمانی كوردی دەربكەن، لەوانە (گۆڤاری نیشتمان و گڕوگاڵی منداڵ)، سەرباری دەرچوونی رۆژنامەی (كوردستان) وەك زمانحاڵ و ئۆرگانی فەرمی كۆمارەكە.
كۆماری كوردستان هەروەك چۆن لە هەلومەرجێكی تایبەتی ناوخۆیی ئێران و ناوچەكە و جیهاندا لەدایكبوو، بەهەمان شێوە و بەهۆی گۆڕانكاری لە فاكتەرەكاندا، لەلایەكەوە بەهۆی پڕبونەوەی بۆشایی سیاسی لە تاران و لە لایەكی ترەوە سەركەوتنی ئێرانیەكان لە قایلكردنی سۆڤیەت بە كۆتاییهێنان بە پاڵپشتی لە كۆماری كوردستان و كۆماری ئازەربایجان، پاش 330 رۆژ واتە نزیكەی 11 مانگ خۆری ئاوابو.
دوای ئەوەی سۆڤیەت پشتی لە كۆمار كرد، سوپای ئێران سەرەتا كۆتایی بە كۆماری ئازەربایجان هێنا و دواتر لە 17 كانونی یەكەمی 1946 دەستی بەسەر شاری مەهاباددا گرت و پێشەوا قازی محەمەد و بەشێك لە سەركردەكانی كۆمار دەستگیركران و رۆژی 31ی ئاداری 1947 یەكەم سەرۆك كۆماری كوردستان و هەریەك لە محەمەد حوسێن سەیفی قازی وەزیری جەنگی كۆمار و سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران هەر لە گۆڕەپانی چوارچرا لەسێدارەدران.
11  مانگی تەمەنی كۆماری كوردستان بە زێڕینترین لاپەڕەكانی مێژووی كورد دادەنرێن و ئێستا و پاش 74 ساڵ، كورد هێشتا پێداگرە لەسەر هێنانەدی خەونی بوون بە خاوەنی قەوارەیەكی سیاسی، كە لە باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بەشێك لە بناغەكەی هێناوەتەدی.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group