مانگی سێ كۆتا وادەی بەستنی پێوەری ئاوە و گرفتەكانیشی بەردەوامن

19/02/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
هەرچەندە مانگی سێ كۆتا وادەیە بۆ ئەو هاوبەشی ئاوانەی تائێستا پێوەریان نەبەستوە، بەڵام چەندین كێشە لە پێوەرەكە و خوێندنەوەیدا هەیە بەجۆرێك لە زۆربەی ماڵان هەر بە روبەری خانوەكە پارە وەردەگیرێت و لەوانی دیكەش بەپێی پێوەر پارە وەردەگیرێت، هاووڵاتیانیش رەخنە دەگرن لەوەی ئەو پێوەرانە هەواش بە بڕێكی زۆر دەخوێننەوە.
دەربارەی گرفتەكانی پێوەرەكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، محەمەد مەجید سەرۆكی لیژنەی بە سیستمكردنی كۆكردنەوەی كرێی ئاو لە سلێمانی لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "پێوەرەكان پێوەری باشن و لە وڵاتانی دەرەوە تێست كراون، ئەو گرفتەی هەیە دوو لایەنەیە، بەشێكیان گرفت لە پێوەرەكەدایە و لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی تێستی دەكەین، كە ئەوە رێژەیەكی زۆر زۆر كەمە و ناگاتە 01%یش، یاخود گرفت لە خوێندنەوەدا هەیە كاتێك دەخرێتە سیستمەوە زیاد دەخوێنێتەوە ئەوەش چارەسەركراوە و هەر هاووڵاتیەك كێشەی هەیە دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بكات، لایەنی دووەمیش هاووڵاتیان خۆیانن، كە زیاد لە پێویست ئاو بەكاردەهێنن و زیادەڕۆیی دەكەن نازانن بەو رێژە زۆرەی بەكاریدەهێنن بڕی پارەیان بۆ دێتەوە".

دەربارەی ئەو هەوایەی پێوەری ئاوەكە دەیخوێنێتەوە، ئاری محەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ بەرنامەی "شەقام" وتی "بە رێژەیەكی زۆر كەم دەیخوێنێتەوە، بۆ هەر 5 مەتر چوارگۆشەیەك بڕی 250 دینار وەردەگیرێت، كە لە وڵاتان ئەگەر سفریش بخوێنێتەوە پارە لە هاووڵاتی وەردەگیرێت، ئەو ئاوەی لە كوردستاندا هەیە زۆر لە وڵاتانی دیكە باشترە".

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دوا وادە بۆ بەستنی پێوەری ئاو 1-3-2020 دەبێت و دوای ئەو وادەیە هەر هاووڵاتییەك پێوەرەكەی نەبەستبێت، مانگانە بڕی 100 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group