ئەردۆغان پەرلەمانتارێكی دەوێت بێ‌ زمان بێت

07/03/2020

نەوا
پرۆسە سەربازیەكەی توركیا لە ئیدلبی باكوری خۆرئاوای سوریا، كە كوژرانی دەیان سەربازی توركیای لێكەوتەوە، كاریگەری لەسەر شانۆی سیاسی توركیا دروستكردوە، ئۆپەراسیۆنەكە بوەتەهۆی دروستبونی ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان پارتی دادو گەشەپێدان "ئاكەپە"ی دەسەڵاتدار و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لەپێش هەموشیانەوە پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە".
ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حزبە گەیشتوەتە رادەی هەڵگیرسانی شەڕ لەناو تەلاری پەرلەمانی توركیا ئەوەش بەتایبەتی دوای ئەوەی "ئینجین ئۆزكوچ" پەرلەمانتاری "جەهەپە" كە كەمال كلچدارئۆغڵو سەرۆكایەتی دەكات، رەخنەیەكی زۆری روبەڕوی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی "ئاكەپە" كردەوە و بە بەرپرس لە كوژرانی سەربازانی توركیا لە ئیدلب تۆمەتباری كرد، بەهۆی ئەوەشەوە شەڕی بەكۆمەڵا لەناو هۆڵی پەرلەماندا دروستبو، پەرلەمانتارانی ئاكەپە هێرشیان كردەسەر ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە.

ئۆزكوچ تۆمەتی سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆماری دراوەتە پاڵ و لای خۆیشیەوە راوێژكارێكی جەهەپە ئیدانەی شەڕەكەی پەرلەمان و هێرشكردنەسەر پەرلەمانتارەكەی حزبەكەی كردوە و ئاماژەی بەوەداوە، دیارترین ناكۆكییەكانی نێوان حزبەكەی و پارتەكەی ئەردۆغان ئەوەیە ئاكەپە پشتگیری توندڕەوەكانی سوریا و لیبیا دەكات، جەهەپە ماوەیەكی دورودرێژە هەوڵی خستنی حزبەكەی ئەردۆغان دەدات و هۆكارەكەشی ئەو پشتگیریەیەتی لە گروپە توندڕەوەكان.
لەلایەكی دیكەوە، "دیلان تاشدەمیر" پەرلەمانتاری توركیا لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" كە زۆرینەیان كوردن، دەڵێت "حزبی دەسەڵاتدار پەرلەمانتاری بێ زمانی دەوێت، بۆیە گوشاری زۆر دەخاتەسەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان، لەكاتێكدا پەرلەمانتاران پارێزبەندییان هەیە و دەتوانن بە ئازادی بەپێی یاسا قسە بكەن، بەڵام ئەو شەڕەی لەنێوان پەرلەمانتارانی حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن رویدا ئەوە دەسەلمێنێت، كە حزبەكەی ئەردۆغان نایەوێت جگە لە دەنگی خۆی، هیچ دەنگێكی تر ببیستێت".

تاشدەمیر ئەوەشی رونكردوەتەوە، لە روداوەكەی پەرلەمانی توركیادا، دەیان پەرلەمانتاری ئاكەپە هێرشیانكردەسەر پەرلەمانتارەكەی جەهەپە چونكە رەخنەی لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان گرت. دەشڵێت "سەرەڕای ئەوەی رەخنەمان لە حزبەكەی ئەو پەرلەمانتارە هەیە، بەڵام دژی ئەو بیركردنەوە و سەركوتكردنە دەوەستینەوە، كە روبەڕوی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە لە توركیادا جا پەرلەمانتاران بێت یاخود سەرۆك شارەوانیەكان یان رۆژنامەنوس و ئەكادیمیەكان".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش روندەكاتەوە، پەرلەمانتارانی حزبەكەی ئەردۆغان ئەو رەخنانەیان پێ قبوڵ نەكراو دەیانوسیت دەستبەجێ  لێپرسینەوە لەو پەرلەمانتارە لێبكرێت، بەڵام ئەردۆغان و پەرلەمانتارەكانی هەركەسێك بیانەوێت رەخنەی لێدەگرن و كەسیش لێپرسینەوەیان لێ ناكات و ئەوان دادگا بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئۆپۆزسیۆن بەكاردەهێنن.
هەدەپە لە ریزبەندیی حزبەكانی توركیا و بونی ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان لە پلەی سێیەمدا دێت، پێش ئەویش جەهەپە لە پلەی دووەم و ئاكەپە و هاوپەیمانەكانی لە پلەی یەكەمدا دێن، بەدرێژایی چەندین ساڵ هەدەپە هەوڵی ئەوە دەدات بگاتە پەرلەمان و بۆ یەكەمجاریش لەساڵی 2015 ئەو ئاواتەی هاتەدی، ئەو حزبە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی كورد دەدات لەو وڵاتەدا، هەروەها جەهەپە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە پارتەكەی ئەردۆغان وەربگرێت و كۆتایی بەدەسەڵاتی ئاكەپە بهێنێت.
هەدەپە بە توندی دژی دەستوەردانی توركیا لە سوریا و لیبیا وەستاوە و دیلان تاشدەمیر پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستوەردانی وڵاتەكەی بە "داگیركاری" وەسف دەكات، لە كۆتا كۆنگرەی ئەو پارتەشدا، كە كۆتایی مانگی شوبات لە ئەنقەرەی پایتەخت سازكرا، بەئاشكرا دەبینرا پارتەكە هەوڵی ئەوە دەدات بگاتە دەسەڵات.

شارەزایانی سیاسی پێشبینی ئەوە دەكەن، گرژیەكانی توركیا زیاتر پەرەبسەنن ئەوەش دوای ئەوەی چەندین لایەن، كە لە پارتی ئاكەپە جیابونەتەوە، دەستیانكردوە بە دامەزراندنی حزبی نوێ‌، بەپێی زانیاریەكانیش عەلی باباجان وەزیری پێشوی ئابوری توركیا یەكێك لەوانەی لە ئاكەپە جیابوەتەوە و لەكۆتایی هەفتەی داهاتوو دامەزراندنی حزب رادەگەیەنێت، حزبەكەشی لەلایەن عەبدوڵڵا گول سەرۆكی پێشوی توركیاوە پشتگیری دەكرێت.
باباجان دووەم كەسە، كە لەدوای جیابونەوە لە پارتەكەی ئەردۆغان حزب دروستدەكات، پێشتریش ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیا لە هەمان پارت جیابوەوە و لە كۆتایی ساڵی رابردو دامەزراندنی حزبی "ئایندە"ی راگەیاند.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group