عەلی شەمخانی بۆ هاتە بەغدا؟

پێش 4 هەفتە

نەوا
چاوپێكەوتنەكانی عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ لایەنەكانی شیعە بەتایبەتی كە دەرهاویشتەی سیاسیی دورمەودا لە خۆدەگرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتە ئاڵۆزەكان وەكو یەكلاییكردنەوەی سەرۆك وەزیرانێك لە جێی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ گەیشتن بە كۆتاییەكی دڵخۆشكەر، كە جێی رەزامەندی لایەنە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعە بێت.
لەوبارەیەوە موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عیراق و سەركردە لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دوپاتیكردەوە، هاتنی شەمخانی بۆ بەغدا بەمەبەستی بەكارهێنانی فشارە لەسەر هێزەكانی شیعە تاكو خۆیان یەكبخەن بۆ كاندیدكردنی جێگرەوەیەك بۆ سەرۆكایەتی وەزیران.

موسەنا ئەمین دەڵێت "بێگومان یەكخستنی ماڵی شیعە بۆ پاڵاوتنی یەك كاندید و بەردەوامبونی پرۆسەی سیاسی لە عیراق لە كارە هەرە پێشینەكانی ئێرانە و ئەگەر ئەم پرۆسەیە پەكیبكەوێت، رەنگە بەشێوەیەكی نەرێنی بەسەر بەژەوەندیەكانی ئێرانیشدا بشكێتەوە، دوای لەدەستدانی قاسم سولەیمانی پێموایە ئێران پیاوێكی بە هێز و كاریزمای وەكو ئەوی نەماوە، كە بتوانێت ماڵی شیعە یەكبخات بۆ كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران یان چارەسەركردنی بابەتێكی سیاسی، رەنگە شەمخانی بەو مەبەستە سەردانی بەغدای كردبێت، یاخود ئەجێندای دیكەی بەدەستەوەیە"

هەندێك لە سیاسەتمەداران و چاودێرانی بارودۆخی عیراقی دەپرسن: بۆچی سەردانەكەی شەمخانی لەمكاتەدا ئەنجامدرا؟ لەكاتێكدا وڵات بە قەیرانی جێگرەوەی سەرۆك وەزیران و گرژییەكی سیاسی زۆر ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت، كە خەریكە بگاتە بەربەست سەبارەت بە هەڵبژاردنی جێگرەوەیەك بۆ سەرۆك وەزیران تەنها بەو مەرجانە نەبێت، كە هێزە سیاسییەكان دەستنیشانیانكردوە و داوادەكەن كار بەو مەرجانە بكرێت، كە هەموی لە بەرژەوەندی خۆیاندایە.
لەوباریەوە ئەسیر شەرع سیاسەتمەداری سەربەخۆ لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا دەڵێت "تاران نامە ئاڕاستەی نەیارەكانی دەكات و پێیاندەڵێت دەستبەرداری بەغدا نابێت".
وتیشی "ئەو سەردانەی شەمخانی نامەیەكی بەهێزە بۆ نەیارەكانی ئێران، كە تاران دەست لە بەرژەوەندیەكانی و دەستكەوتەكانی هەڵناگرێت لە عیراقدا، لەبەرئەوە تەنانەت سەردانیكردنی شاندەكەی چین بۆ بەغدا و پاڵپشتیكردنی لە عیراق، ئەم سەردانانە ئەوە دەگەیەنێت كە بەرژەوەندیەكانی ئێران و چین لەناو عیراقدا، ناگەڕێتە دواوە و تاران و پەكین دەست لەبەرژەوەندیەكانیان لە بەغدا هەڵناگرن، ئەمە نامەیەكیشە بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كە دەیەوێت نەیارەكانی دوربخاتەوە و تەنها خۆی لە گوڕەپانی عیراقدابێت و هەڵوێستەكان لەناو عیراقدا تێكبدات و بەرزبكاتەوە، ئەم سەردانە لە روی سیاسییەوە زۆر گرنگە كە هاوكاتە لەگەڵ گفتوگۆكانی لایەنە شیعییەكان بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەیەك بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی، كە رەتیكردەوە سەرۆكایەتی وەزیران وەربگرێت، لەمكاتەدا بە وێستگەی پەڕینەوە هەژمار دەكرێت و تارانیش بە هیچ جۆرێك دەستبەرداری ئەم وێستگەیە نابێت".
شەمخانی سەرەڕای ئەوەی رایگەیاند، سەردانەكەی بۆ بەغدا بۆ چاوپێكەوتنە لەگەڵ سەركردە عیراقییەكانی شیعە و سوننە و كورد، بەڵام نامە راستەقینەكە چییە؟ كە شەمخانی دەیەوێت بیگەیەنێت؟ ئایە مەرج و تایبەتمەندی و پێوەرە ئێرانیەكان لەخۆدەگرێت بۆ وێنەكێشانی رواڵەتی وێنەی داهاتوی بەغدا؟.
سەرمەد بەیاتی شارەزا لە بواری ئەمنی ستراتیژی دووپاتیكردەوە، لە دوای كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، ماڵی شیعە پەرتەوازەبوە.
سەرمەد بەیاتی وتی "دوای شەهیدكردنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی بەتایبەتی سەبارەت بە بەڕێز ئەبومەهەدی موهەندیس پارێزەری هەمو گروپەكان و كوتلەكانی شیعە بوو، سەرەڕای ئەوەی پاڵپشتی سولەیمانیشی هەبوو، بارودۆخەكە لەناو ماڵی شیعەدا تێكچوو،  پێكنەهاتنیش لەسەر عەللاوی، كێشەكە بەتەنها كورد و سوننە نەبوو، بەڵكو كێشەیەكی گەورە هەبوو لەناو ماڵی شیعەدا، بۆیە من وای بۆ دەچم ئەم سەردانە بەتایبەتی كە شەمخانی بەرپرسێكی باڵایە هەوڵێكە بۆئەوەی رۆڵێكی تازە بگێڕن لەناو عیراقدا بۆ رێكخستنەوەی ماڵی شیعە".
سەرچاوەیەكیش لە نوسینگەی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ رادیۆ نەوای ئاشكرایكرد: لەئێستادا شەمخانی لەگەڵ هێزەكانی شیعە و چەند لایەنێكی سیاسی دیكەدا لە كۆبونەوەی بەردەوامدایە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسێی جێگرەوەیەك بۆ سەرۆكایەتی وەزیران و ئەو دۆسێیانەی دیكەی، كە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group