ڤایرۆسی كۆرۆنا "گوڵەكان"ی كوردستانی سیسكردەوە

22/04/2020

نەوا
"لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خواستی كڕینی گوڵ كەمبوەتەوە و بەو هۆیەشەوە هەزاران گوڵ فڕێ دراون". 
لە گەورەترین كێڵگەی بەرهەمهێنانی گوڵ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، رۆژانە هەزاران گوڵ دەقرتێنرێت و بەهۆی ساغ نەكردەوەیان فڕێ دەدرێن.

گوڵەكان لە كێڵگەیەكدا لەسەر روبەری 14 هەزار و 500 مەتر چێندراون، ماوەی دوو ساڵە وەبەرهێنەرێك خەریكی كێڵگەكەیەتی بۆ ئەوەی گوڵەكان بە نرخێكی كەم بخاتە بازاڕەوە و هەندێكیشی هەناردە‌ی وڵاتان بكات، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڕیاری قەدەغەكرد‌نی هاتوچۆ بووە هۆكاری لەناوبردنی زیاتر لە 516 هەزار گوڵ لە میانی مانگێكدا و زیاتر لە نیو ملیۆن گوڵیش هەڕەشەی لەناوچونیان لەسەرە.
كێڵگەكە دەكەوێتە بەشی باكووری شاری هەولێر و بە دیزاینێكی ستانداردی جیهانی دروستكراوە و جۆرەها گوڵ لە گرین هاوسەكانی ئەو كێڵگەیەدا‌ دەبیندرێت كە رۆژانە لەلایەن كرێكارە كینییەكان دەقرتێندرێن و فڕێ دەدرێن.
لەوبارەیەوە سدقی ئیبراهیم خاوەن كۆمپانیای كوردستان فڵاوەر دەڵێت ''بۆ هاوردەكردنی گوڵ ماندوبوونێكی زۆرمان دەبینی، بەهۆی راگرتنی گوڵەكان لە فڕۆكەخانەكان و مانەوەیان كە زۆرجار كاریگەی لەسەر خودی گوڵەكە و كوالێتی دەكرد، بۆیە بیرۆكەی ئەوەمان دانا كە بۆخۆمان گوڵ بەرهەمبهێنین و دەستمان كرد بە دروستكردنی گرین هاوس بە ستانداردێكی جیهانی و ماوەی دوو ساڵە پڕۆژەكەمان كەوتووەتە كار''.
وتیشی: ''له ‌دەستپێكی كارەكەماندا، بەرهەمهێنانی گوڵ حەز بوو، دواتر مامەڵەی بازرگانیمان پێوە كرد، بەڵام لەوەشیاندا رەچاوی نرخ و مامەڵەمان كرد لە ناوخۆی هەرێمدا، ئەو جۆرە گوڵە ئەگەر لە وڵاتان هاوردە بكرێت، هەر دانەی بە 40 سەنت دەگاتە هەرێم، ئێمە بڕیارماندابوو كە ئەو گوڵانەی خۆمان نەگاتە 25 سەنت، لەگەڵ ئەوەشدا لە رۆژی خۆشەویستیدا كە دەكەوێتە 14ی شوبات، نرخی گوڵ لە هەموو جیهان بەرز دەبێتەوە بەهۆی زۆری خواستەوە، بڕیارماندابوو لەو رۆژەش گوڵەكانی ئێمە لە 40 سەنت تێپەڕ نەكات، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكارەكانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، بووە هۆی لەناوچوونی گوڵەكان و ناچار بە فڕێدانییان بووین''.

سدقی ئیبراهیم خاوەن كۆمپانیای كوردستان فڵاوەر، ئاماژە بەوەش دەكات بەرهەمهێنانی گوڵ كارێكی سەركێشییە و بە قەبارەیەكی گەورە ئەم سەركێشییەی كردووە و گوڵی رۆزی بەرهەمهێناوە و گرێبەستی لەگەڵ دوو وڵاتیش كردووە بۆ ئەوەی گوڵەكان بۆیان هەناردە بكات و لەمبارەیەوە وتی: ''دەستپێكی پڕۆژەكە سەركێشی بوو بەتایبەت لەگەڵ گوڵی رۆز، هەر بەوەش دەستمان پێكرد و یەكەم گرێبەستمان لەگەڵ دوبەی (ئیمارات) كرد و دواتریش لەگەڵ توركیاش گرێبەستمان كرد كە گەورەترین كۆمپانیا لە ئیستانبۆڵ هاتن و گرێبەستەكەمان ئەوە بوو كە له ‌یەكەم هەنگاودا، مانگانە 400 هەزار گوڵ هەناردە بكەین، دواتریش ژمارەكە زیاد بكات، بەڵام بابەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا و نەبوونی پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەو پڕۆژەیە، كارەكانی ئێمەی پەكخست و نەمانتوانی گوڵەكان هەناردە بكەین، ئەگەرنا گوڵەكانی ئێمە خواستێكی زۆری لەسەرە، چونكە گوڵەكانی ئێمە لە گوڵی هۆڵەندا باشترە، ئەمەش پەیوەندی بە كەشوهەواوە هەیە، ئێمە نە خۆری دەستكرد و نە ئاوی خراپمان هەیە، ئەمەش كاریگەری لەسەر جۆری گوڵەكان‌ دەبێت''.

بەهۆی رێوشوێنەكانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ، ژمارەیەكی زۆر گوڵ لەناوچوون و لەوبارەیەشەوە سدقی ئیبراهیم وتی "دوو ساڵە ئەو گوڵانە پەروەردە دەكەم و چاوەڕێی ئەو دوو مانگەی پێش ئێستا بووم كە خواستێكی زۆری لەسەر بێت، بەڵام بارودۆخەكە گۆڕا، بۆیە لە‌میانی قەدەغەكردنی هاتوچۆ، رۆژانە هەشت تا 13 هەزار گوڵ لێدەكرێتەوە و فڕێی دەدەین و لە‌میانی یەك مانگدا، زیاتر لە 516 هەزار گوڵمان فڕێداوە و گوڵەكان كۆدەكەینەوە و لەناو چاڵێكدا گڕیان تێبەردەدەین''.
لێكردنەوە و فڕێدانی گوڵەكان، ئەگەرچی بۆخۆی خەمێكە، بەڵام سدقی ئیبراهم دەڵێت ''گوڵ دڵخۆشكەر و پێكەنینی دڵە، مرۆڤ چاوی بە گوڵ بكەوێت خەمی دەڕەوێتەوە، من خەم بە فڕدانی گوڵەكان دەخۆم، بەڵام هەمیشە لە ناخەوە پێدەكەنم، چونكە سروشتی گوڵ وایە، ئارامبەخشە''.
خاوەن كۆمپانیای كوردستان فڵاوەر وتیشی ''ئەگەر حكومەت هاوكاریمان بكات، دەتوانم لە میانی دوو ساڵدا، گوڵ بۆ نیوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەناردە بكەم، سەرەڕای رەخساندنی چەندین هەلی كار بۆ گەنجان له ‌ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەوانەی دەرچووی بەشی كشتوكاڵن، بۆیە ئێستاش ئەگەرچی نیو ملیۆن گوڵ هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە و خەرجییەكی زۆرمان لەسەرە رۆژانە‌، بەڵام دەتوانین جارێكی دیكە لە كارەكەمان بەردەوام''‌.
پڕۆژەكە جگە لە گرین هاوس و بەرهەمهێنانی گوڵ، چەند حەوزێكی گەورەیشی تیادایە كە سوود لە ئاوی بارانی زستان دەبنێت بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا ئاوی حەوزەكە بۆ ئاودانی گوڵەكان بەكاربهێنرێنیت و یەكێك لە حەوزەكانیشی بۆ بەرهەمهێنانی ماسی ئامادەكردووە، سەرەڕای بوونی چەندین داری بەر لە كێڵگەكەدا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group