ئارام جەمال: هەڵبژاردنی پێشوەختە نەخشەی سیاسی عیراق دەگۆڕێت

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا
پسپۆڕێكی بواری هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو، دەبێتە بوومەلەرزەیەك و شۆكێك بۆ حزبەكان و نەخشەی سیاسی عێراق دەگۆڕێت، هەروەها دەڵێت، كە زیانی گەورە لەو لایەنانە دەدات، كە پێشتر ساختەكارییان ئەنجامداوە.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە بارەی میكانیزمەكانی سیستمی هەڵبژاردن و كەموكوڕییەكانی پرۆژە یاسای هەڵبژارنی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، پرۆژە یاساكە نەك هەر وردەكاریی تێدا نییە، بەڵكو درز و كەلەبەری زۆریشی تێدایە، هەر لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێكیان بۆ هەمواركردنەوەی 20 ماددەو بڕگەی پرۆژە یاساكە پێشكەش بە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كردووە بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا یاساكە كەمترین كونج و كەلەبەری تێدا بێت و خودی یاساكە نەكرێتە ئامراز بۆ زەوتكردنی ئیرادەی دەنگدەرو خراپ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە.
بەوتەی ئارام جەمال، ئەم هەڵبژاردنە هێشتا دیار نییە بە دیاریكراوی زیان لە كام حزب و لایەن دەدات، بەڵام بەگشتی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی دەبێت لە میكانیزمی سیستمی هەڵبژاردن و بۆ ئەو حزبانەش شۆك دەبێت، كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشتردا ساختەكارییان ئەنجامداوە یان حزبی جەماوەیی نین و زیاتر هێز و دەسەڵاتیان بەدەستەوەتە.
بەوتەی ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردن لیست نامێنێ و دەرگای خۆپاڵاوتن ئازادانەیەو لە دەرەوەی حزبەكانیشەوە دەتوانرێت كاندید خۆی هەڵبژێرێت، ئەوەش تا ڕادەیەك ناكۆكی و ململانێ لەنێوان حزبەكاندا دروستدەكات، چونكە بازنەی هەڵبژاردنەكان بچوك دەبێتەوە و كێبركێی كاندیدەكانیش تووند دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group