پەرلەمانتارێك هۆشداری دەدات: ئاژەڵدار بەرەو نەماندەچێت

22/11/2020

نەوا
عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بەهۆی قاچاخچێتیی ئاژەڵەوە، ئاژەڵدار بەرەو نەمان دەچێت.
عەلی حەمە ساڵح لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، "كێشەی دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنیا دابیننەكردنی موچە و گەندەڵیی نەوت و زەوی نیە! هەرچی پارەی تێدا بێت لای ئەمان حەرام نیە، بەهۆی قاچاخچێتیەوە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە كوردستان بەرەو لە ناوچون دەچێت".
باسی لەوەشكردوە، "هەركەس بچێتە مەیدانی ئاژەڵان دەبینێت چۆن بەهۆی مانگا و مەڕ و بزنی قاچاخەوە هەرچی ئاژەڵدارە تووشی زیان بوە، جگە لەو رێگاپێدانەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەیكات، ئاژەڵێكی زۆر بەشێوەی قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە لە ئێران و توركیا و سوریاوە دەهێندرێت".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان باسی لەوەشكردوە، "هێنانی ئاژەڵی قاچاخ وایكردوە ئەوانەی چەندین ساڵە سەرقاڵی ئاژەڵدارین، توشی زیانێكی گەورەبن و بیر لە وازهێنان بكەنەوە، ئەم قاچاخیە تەنیا مەترسیی ئابوری و زیانی ئاژەڵدارەكانی نیە، بەڵكو مەترسیی تەندروستیشی هەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group