سەرۆکی هەرێم: ئامادەین کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین

24/02/2021

نه‌وا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان خوازیاری پەیوەندییەکی تەندروست و کارایە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و ئامادەیە کێشەکانی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات.
رۆژی چوارشەممە 24/2/2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ماتیو توولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد و بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و هێرشەکانی سەر هەولێر، دواتر بەلەد و بەغدا تاوتوێ کران.
هاوكات جەخت لە، "گرنگی و پێویستیی هەماهەنگیی نێوان لایەنه‌ پەیوەندیدارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەردەوامیی هاریکاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری" کراوه‌ته‌وه‌.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، باڵیۆزی ئەمریکا پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریکی ـ عێراقی دووپاتکردووەتەوە و نێچیرڤان بارزانییش دیالۆگی ستراتیژیی وەکو چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە قەڵەم داوه‌.
هه‌روه‌ها سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردۆته‌وه‌، "خوازیاری پەیوەندییەکی تەندروست و کاران لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و ئامادەن کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەن".
 هه‌ر به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، دۆخی هەرێمی کوردستان و گرنگیی یەکڕیزیی لایەنەکان، دوایین پێشهاتەکانی بڵاوبوونەی ڤایرسی کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ڤاکسین، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە، رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، دۆخی دەشتی نەینەوا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، لە کۆبوونەوەکەدا خرانەونەتە بەر باس.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group