سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا كۆبوونەوە

10/06/2021

نەوا
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە گەڵ ئەلیكساندەر دیكروو سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەلجیكا و بارودۆخی عێراق بە گشتی  تاووتوێ كرا. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان وعێراق و ناوچەكە كرا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.
سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد و بە هەرێمێكی زیندوو و كاریگەر ناوی برد و ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان دەربڕی. وتیشی دەتوانین لە بواری كشتوكاڵی هاوكاری كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.
سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كرد و ڕایگەیاند كە لەمبارەیەوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی.
سەرۆكی حكومەت سوپاسی پشتیوانی بەلجیكای كرد كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. جەختیشی لە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی كردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هەنگاوەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا و هەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا تاووتوێ كرا و ئاماژە بە گرنگیی دابینكردنی ڤاكسین بۆ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و پەنابەر و ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم كرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group