لاهور شێخ جەنگی: هاندەرین بۆ یەكخستنی پێشمەرگە و رۆڵمان هەیە لەو پرۆسەیەدا

20/06/2021

نەوا-
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە بەجۆرێك بێت لەهێز، یەكسانی لەفەرماندەیی و مەشق و چەك و سەركردایەتیدا هاوسەنگی هەبێت، ئامانجیشیان ئەوەیە "هیچ كاتێك پێشمەرگە نەچێتە شەڕی دۆڕاوی براكوژییەوە".
لاهور شێخ جەنگی لە وتەیەكدا لە كۆنگرەی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان رایگەیاند: "هاندەرین بۆ یەكخستنی پێشمەرگە و رۆڵمان هەیە لەو پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی پێشمەرگە هەمیشە هێزێكی نیشتیمانی مەشقپێكراو بێت. بەجۆرێك نە بۆ ئێمە و بۆ كەسیش نەچێتە شەڕی دۆڕاوی براكوژییەوە، بەڵكو ئەم هێزە دەبێت پێشمەرگەبێت بۆ بەرگریكردن لە بەها باڵا نیشتیمانیی و كوردستانییەكان".
باسی لەوەكرد: "ئێمە لەسەرۆكایەتی یەكێتی وای دەبینین كەراگرتنی هاوسەنگی و باڵانسی هێز، یەكسانی لەفەرماندەیی و مەشق و چەك و سەركردایەتی، دەتوانێت زەمینەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بڕەخسێنیت، یەكگرتووی هێزەكانیش بەم شێوەیە دەبێتە بناغەیەك بۆ جیاكردنەوەی كاری سیاسی لەكاروباری سەربازی و گۆڕەپانێكی كراوە و یەكسان بۆ كێبەركێی پارتەكان لەبەرامبەر یەكتردا دێنێتە ئاراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group