هیومان رایتس وۆچ: رەنگە هەزاران کەمئەندامی عێراق نەتوانن دەنگ بدەن

16/09/2021 عێراق

نەوا
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند: كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتووی عێراقدا روبەڕوی كۆسپی گەورە دەبنەوە.
لە نوێترین راپۆرتیدا رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ باسی لەوەکردوە: دەسەڵاتدارانی عێراق شكستیان هێناوە لە دەستەبەركردنی مافی هەڵبژاردن بۆ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
راشیگەیاندوە: خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان زۆرجار بێبەش دەكرێن لە مافی دەنگدان بەهۆی بوونی ئەو یاسایانەی، كە جیاكاری لە دژیان دەكەن و هەروەها بوونی كۆسپ لەبەردەمیاندا بۆ گەیشتن بە شوێنەكانی دەنگدان لەگەڵ بوونی بەربەستی یاسایی و سیاسی گەورە لەبەردەم خۆكاندیدكردنیاندا.
هیوامان رایتس وۆچ هۆشداریشی داوە لەوەی، کە ئەگەر رێوشوێنی بەپەلە نەگیرێتە بەر و گۆڕانکاری ئەنجام نەدرێت، دوور نییە هەزاران کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت نەتوانن دەنگ بدەن.
رێكخراوەكە داوای كردوە پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێی عێراق یاسا پەیوەندیدارەکان بەجۆرێک هەموار بکاتەوە، کە بەتەواوی هاوتابن لەگەڵ پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کەمئەندامان، ئەوەش بە راوێژ لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو ڕێکخراوانەی نوێنەرایەتیان دەکەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group