لە سلێمانی دەست بەسەر 312 كارتۆن توتنی نێرگەلەدا گیرا

24/11/2022

نەوا
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر توتنی نێرگەلەدا گرتووە، كە بەسەرچووە و خاوەنەكەی ویستوویەتی بیفرۆشێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، بەهۆی بەسەرچوون و نەشیاوی بۆ بەكارهێنان، لیژنەی كۆگاكانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر 312 كارتۆن توتنی نێرگە لە جۆری "العراب"دا گرتووە كە خاوەنەكەی بەنیازبووە بیفرۆشێت.
رونیشكراوەتەوە، بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی كێشانی نێرگەلە زیان بەتەندروستی بەكارهێنەرانی دەگەیەنێت، لەكاتی بەسەرچونی تام وبۆن و توتنەكەیدا زیانەكەی چەند بەرامبەر دەبێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەر یەكێك لەو كارتۆنانە 120 پارچە توتنی نێرگەلەی تێدایە، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە تەواوی توتنە دەستبەسەردا گیراوەكە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group