فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە كەركوك كەوتە خوارەوە

30/01/2023

نەوا -
فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لەسەر بانی ماڵێك لە كەركوك كەوتە خوارەوە و بەپێی زانیاریەكانیش فڕۆكەكە بۆ سیخوڕی بەكاردەهێنرێت.
سەرچاوەیەكی لە پۆلیسی كەركوك بە میدیاكانی وتووە، شەوی رابردوو فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لەسەر بانی ماڵێك لە نزیك گوندی سێ‌ كانیان لەسەر رێگەی گشتی كەركوك – هەولێر كەوتووەتە خوارەوە.
هەر بەوتەی سەرچاوەكە، فڕۆكەكە جۆری "ڤی كەی"یە و بۆ كاری سیخوڕی و پێكانی ئامانج بەكاردەهێنرێت، هەروەها لەكاتی كەوتنە خوارەوەی هیچ زیانێكی لێنەكەوتووەتەوە.
سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، تاوەكو ئێستا نازانرێت ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانە لە كوێوە هاتووە و ئامانجەكەی كوێ و چی بووە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە براوە و لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group