ئەمریكییەكان ویستیان لێخۆشبوون بۆ سەدام دەربكەن بەڵام خۆی رازی نەبوو

16/05/2023 عێراق
نەوا – 
بەرپسێكی پێشوو دەڵێت، ئەمریكییەكان ویستیان رێكەوتن لەگەڵ سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی پێشوو بكەن و لە بەرامبەر راگرتنی شەڕ لە فەلوجە لێخۆشبوونی بۆ دەركەن، بەڵام سەدام رەتیكردەوە و بە دێڕێك هۆنراوە وەڵامی دایەوە.
خەلیل دلێمی سەرۆكی دەستەی بەرگری كردن لە سەدام حسێن لە دادگا لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، ئەمریكییەكان دانوستانیان لەگەڵ سەدام كرد و پێشنیازی ئەوەیان كرد، كە خۆی یەكێك بپاڵێوێت بۆ ئەوەی وەك جێگری سەرۆك كۆمار دەستبەكاربێت، بەڵام هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت و لەبەرامبەردا لێخۆشبوونی بۆ دەردەكەن.
وتوشیەتی، خۆی ئەو مەرجانەی بە سەدام وتووە لە گرتووخانە، هەروەها مەرجێكی تریش ئەوە بووە كە فەرمان بكات شەڕی  فەلوجە دژی ئەمریكییەكان بوەستێنرێت و وڵاتیش جێبهێڵێت دوای ئازاد كردنی، بەڵام سەدام رەتیكردەوە.
دلێمی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، سەرۆكی رژێمی پێشوو بە دێڕێك هۆنراوە وەڵامی دایەوە كە دەڵێت "ئەگەر سەر نییت كۆتاییش مەبە، كۆتایی جگە لە كلك هیچی تر نییە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group