پێشبینی دەكرێت سزاكانی ئەمریكا بانكی ناوەندیش بگرێتەوە

26/07/2023

نەوا-
بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی لە عیراق و هەرێمی كوردستان لە ١٤٦ هەزار دینارەوە بوەتە سەروی ١٥٤ هەزار دینارو ئەوەش نیگەرانی بازاڕی لێ كەوتووتەوە و گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێریش پێشبینی دەكات لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی رێنماییەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەلایەن بانكی ناوەندی عیراقەوە، ئەوا بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بگاتە سەروی ١٦٠ هەزار دینار.
هەفتەی رابردوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، مامەڵەكردن بە دۆلاری لە ١٤ بانكی عێراقی قەدەغە كرد و بەوە تۆمەتباری كردوون كە ئەو بانكانە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە كە سزای ئەمریكایان لەسەرە و رۆژی دواتریش بانكی ناوەندیی عیراق گشتاندنێكی بۆ سەرجەم بانكە مۆڵەتپێدراوەكان ناردووە تیاییدا ئاماژەی بە ناوی ١٤ بانكەكە كردووە و دەڵێت نابێت بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
هەرچەندە لە گشتاندنەكەی بانكی ناوەندی ئاماژە بەوەكراوە كە ئەو بانكانەی مامەڵەكردن بە دۆلاریان لێ قەدەغە كراوە، دەتوانن مامەڵە بە دینار بكەن و لە هەموو خزمەتگوزارییەكانی سیستەمی بانكیی عیراقی سوودمەندن، بەڵام بڕیارەكە كاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ و بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دروست كرد.
بازرگانان و شارەزایانی ئابووری پێیانوایە ئەگەر بانكی ناوەندی رێنماییەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا جێبەجێ نەكات ئەوا لە داهاتوودا سزا دەكەوێتە سەر بانكی ناوەندیش لە ئەنجامدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هێشتا دادەبەزێت.

وتەبێژی ئەنجومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، كەیفی خۆشناو لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: "هۆكاری دابەزینی بەهای دینار بۆ سزادانی ئەو ١٤ بانكەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە ئەمریكا سزایداون، چونكە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ هەبووە، لە كاتێكدا تەنیا ١٤ بانك سزادراوە، ئەی ئەگەر لە حاڵەتێكدا ئەمریكا گەمارۆی خستە سەر بانكی ناوەندی، ئەوا هەر كارەسات روودەدات، بۆیە هیوادارین بانكی ناوەندی رێنماییەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا جێبەجێ بكات كە دەڵێت نابێت بانكی ناوەندی مامەڵە لەگەڵ ئێران و چین و چەند وڵاتێكی دیكە بكات".
كەیفی خۆشناو گوتیشی: "ئەو بانكانە گوایا مامەڵەیان لەگەڵ ئێران، رووسیا و چین كردووە و لەم حاڵەتەشدا بەهای دینار دادەبەزێت و كاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ دروستكردووە و هیوادارین حكوومەتی عێڕاق رێوشوێنێك بگرێتەبەر بەجۆرێك نیوەی مووچەی مووچەخۆران بە دینار و نیوەی بە دۆلار بدات بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی رابگرێت".
لە سەنتەری بۆڕسەی بازاڕی دۆلارفرۆشان لە هەولێر، بازرگانان زیاتر خواستیان لەسەر كڕینی دۆلار هەیە و گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە پێشبینی دابەزینی بەهای دیناری عێڕاقی دەكەن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێستا خواست لەسەر كڕینی دۆلار زۆرە و پێشبینی دەكەین بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێك بگاتە ١٦٠ هەزار دیناری عێڕاقی".


هاوكات پسپۆڕێكی ئابووری ئاماژە بەوە دەكات كە بانكی ناوەندی زیانی پێگەیشتوە و پێشبینیش دەكات تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەمریكا سزای بانكی ناوەندی عێڕاقیش بدات.
پسپۆڕی ئابووری محەمەد عەلی عوزێری وتی: "ئەو دۆخە ئابوورییە نوێیەی ئێستا رەنگدانەوەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكایە كە سزای خستووەتە سەر ١٤ بانك و چوار كەسایەتی لە عێڕاق بە تۆمەتی گواستنەوە و سپیكردنەوەی پارە، هەروەها تێوەگلاون لە بازرگانییەكی رەش لەگەڵ ئێران".
عوزێری گوتیشی: "بە بڕیارەكەی ئەمریكا، زیانی سەدا ٣٠ بەو كانیاوەی گەیشتووە كە دۆلاری پیادا بڵاودەكرایەوە، واتا بانكی ناوەندیی عێڕاقی زیانێكی گەورەی بەركەوتووە، پێموایە سزاكان قورستر و وڵاتر دەكرێتەوە كە دەگاتە سەرووی بانكی ناوەندیش".
محەمەد عەلی عوزێری پێشبینی دەكات لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سزاكانی ئەمریكا بانكی ناوەندیش بگرێتەوە و بەمەش عێڕاق دەكەوێتە قۆناغێكی خراپی ئابوورییەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێستا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بوارێكی هێشتووەتەوە، پێشبینی دەكەم لە داهاتووشدا بەدیاریكراوی تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بانكی ناوەندیش گەمارۆی دەخرێتەسەر و لەم حاڵەتەشدا عیراق دەكەوێتە دۆخێكی خراپی ئابوورییەوە".
ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری پێیوایە سزادانی عیراق لەلایەن ئەمریكاوە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا ناتوانێت سزای ئێران بدات و لەم حاڵەتەشدا عێڕاق دەبێتە قوربانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێستا ئەمریكا دەیكات، سزادانی عیراقە بەرامبەر ئەوەی ناتوانێت سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت چونكە ئێران بازرگانی لەگەڵ ئیماڕات و هەندێك وڵاتانی دیكەی عەرەبی هەیە بەڵام ئەمریكا ناتوانێت ئەوان سزا بدات و دێت عیراق سزا دەدات، ئەوەش پێدەچێت مامەڵەكردنی تازەی ئەمریكا بێت بەرامبەر بە عێڕاق".
ناوبراو ئاماژە بەوەیش دەكات كە ئێستا ئابووری عیراق بریندارەو كەسیش چارەسەری برینەكە ناكات و لەمبارەیەوە گوتی: "پێش ئەو بڕیارەی ئەمریكا، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی نزیكەی ١٤٧ هەزار دیناری عێڕاقی بوو بەڵام ئێستا سەرووی ١٥٠ هەزار دینارە، بۆیە كەس چارەسەری ئەو برینە ئابوورییەی عێڕاق ناكات، لە هەمانكاتدا پێموایە تا رادەیەك حكوومەتی عێراق ئەم دۆخەی ئێستای بەدڵە چونكە ئەو بوودجە گەورەیەی دایناوە دەتوانێت پاشەكەوتیشی لێ بكات، ئەگەر گریمان بەهای ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٧٠ هەزار دینار ئەوا عێڕاق پارەیشی بۆ دەمێنێتەوە بەجۆرێك سیولەی سەدا ٢٠ زیاد دەكات".

جێی ئاماژەیە پێشوتریش لە شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا مامەڵەكردنی بە دۆلاری لە چوار بانكی عیراق بە پاساوی "وردبینی" راگرت.
هاوكات چوارشەممەی هەفتەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا مامەڵەكردن بە دۆلاری لە ١٤ بانكی عیراقیدا قەدەغە كرد و تۆمەتباری كردن بەوەی كە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە كە سزای ئەمریكایان لەسەرە.
راپۆرتی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group