نەوا-
پیسی ژینگە لەنێوان گرنگی پێنەدان یان ناكارایی سیاسەتەكانی هەرێم قەیرانێكی ناوچەیی لێكەوتوەتەوە. لە پاڵ بەبیابانبون و گۆڕانی ئاو و هەوا كە هەڕەشە لەسەر كۆی پرسی ژینگە لە هەرێم و عیراق دەكات، فاكتەرەكانی دیكەی پیسبونی ژینگە وەك كەمبونەوەی سەرچاوەكانی ئاو، بونی پاڵاوگەو كارگەكان، خراپی كوالێتی بەنزین، پاشماوەی زبڵ و خاشاك و كەمیی رێژەی سەوزایی، بونەتە مەترسییەكی جیددی و هەڕەشە لە داهاتوی ژینگەی ناوچەكە دەكات.
بەپێی زانیارییەكان، عیراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی كە كەوتوەتە ژێر كاریگەری گەورەی گۆڕانی ئاو و هەواوە و بەشێوەیەكی مەترسیدار ساڵانە 100هەزار دۆنم زەوی بە پیت لەدەستدەدات و دەبێتە بیابان.
بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاو و هەوا، لە هەرێمی كوردستان چەند رێكارێكی وەك دروستكردنی بەنداو و پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو گیراونەتەبەرو بەگوتەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بێگەرد تاڵەبانی ئێستا دروستكردنی 45 پۆند لەژێر جێبەجێكردندایە و لەدوای ئەویش چەند پۆندێكی دیكە دروست دەكرێت، جگە لە ژمارەیەك بەنداوی گەورە كە توانای گلدانەوەی 243 ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەیە.
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە وەك باڵاترین لایەنی بەرپرس لە هەرێمی كوردستان دیاریكراوە. پێشتر دەستەكە لە شێوازی وەزارەت كاری دەكرد و سەرئەنجام لە ساڵی 2010 بوو بە دەستە و ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە حكوومەتی هەرێم سەرەڕای بە گرنگی زانینی پرسەكە، بەڵام لە ئاستێكی خوارتر ڕاسپاردنی بۆ ئەركەكان كردووە. ئاشكرایە كە دەستەیەك دەسەڵاتی كەمتر و سنووردارترە لە وەزارەتێك كە دەتوانێت پلانی لە ئاستی وەزارەتێكدا هەبێت و بوودجەی بە قەبارەیەكی زیاتر لەبەردەستدا بێت بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان.
هەروەها بە پێی یاسای ژمارە (20) ساڵی 2008، پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان – عیراق، لەهەر پارێزگایەكی ھەرێمدا ئەنجوومەنێك بەناوی (ئەنجوومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە پارێزگادا) دامەزراوە كە پارێزگار سەرۆكایەتی دەكات و لە كاتی ئامادەبوونەبوونیشیدا دەسەڵات دراوە بە جێگرەكەی كە ئەركی بەدواداچوونی كێشەكانی ژینگە و دانانی پلانی پاراستن و جێبەجێكردنێتی.
فاكتەرەكانی تێكدانی ژینگەی ھەرێمی كوردستان و، بە واتایەكی دیكە پیسكردنی ژینگە لە ھەرێم زۆر زیاتر لە فاكتەرەكانی پاكڕاگرتنی ژینگەن. سەرەكیترین فاكتەری تێكدانی ژینگە لە ھەرێمی كوردستان بریتییە لە خراپ بەكارھێنانی سەرچاوە ئاوییەكانی ھەرێم كە پەلی كێشاوە بۆ قەیرانێك كە بەردەوام ھۆشداری لێ دەدرێت. وشكبوونی بیرەئاوە یەك لە دوای یەكەكان و لێدانی بیری چەند سەد مەتری لە ھەولێری پایتەختی ھەرێم، بۆ یەكەمجار ئاماژەیەكە بۆ گرفتێكی زۆر گەورە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا بەرۆكی دانیشتوانی ناوچەكە دەگرێتەوە.
بوونی مولیدەكانی كارەبا لە گەڕەك و كۆڵانەكانی شار، زۆربوونی ئۆتۆمبێل و كارگەكان كە بەشێكیان دەردراوی پیسیشیان ھەیە و لە پاڵ ئەوانەشدا بەكارھێنانی كەلوپەلی سەفەری لە لایەن ھاووڵاتیانەوە كە ھۆشیاری ژینگەییشیان نییە لەم بارەیەوە، بەشێكی دیكەن لە ھۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە.
بەڵام ئەوەندە بەس نییە كە بوونی پاڵاوگەكان، خراپی كواڵیتی بەنزینیش بەشێك بن لەو هۆكارانەی كە لە پیسكردنی ژینگەی هەرێم ڕۆڵیان هەیە.
بەهۆی نەبوونی كارگەیەكی ریسایكلینەوە تا ئێستا پاشماوەی زبڵ و خاشاك لە ھەرێم دەخرێتە ژێڕ گڵ و، یان ئاگری تێبەردەدرێت كە لە ھەردوو پڕۆسەكەشدا، ھێندەی مانەوەی زبڵەكە لەسەر شەقامەكان بۆ ژینگە مەترسیدارن.
ئەگەرچی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاوی ژێر زەوی ناوچەكان و ژینگەیەكی لەبارتر دەستی بە دروستكردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو كردووە، بەڵام خراپ بەكارھێنانەكەی كاریگەری نەرێنی خۆی هەیە و كۆی پڕۆسەكە رووبەڕووی ھەڕەشە دەكاتەوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، 10 بەنداو بە قەبارەی گلدانەوەی 243 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و كارەكانی 41 بەنداو لە رووی لێكۆڵینەوە و دیزاینكردن تەواو بووە و لە چاوەڕوانی تەرخانكردنی بوودجەی پێویستە بۆ جێبەجێكردن و ھاوكاتیش ڕەزامەندی لەسەر دروستكردنی 41 پۆند بە چەند قۆناغێك دراوە.
دروستكردنی ئەم بەنداو و پۆندانە بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی سودبەخش دەبێت و ھاوكات حكوومەتی ھەرێم لە ھەوڵدایە بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەكان و پشتێنەی سەوزایی بۆیان.
بەپێی ئامارەكان لە بەشێك لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان وەك ھەولێر، ڕێژەی سەوزایی ئاستی ستانداردی خۆی تێپەڕاندووە و گەیشتوەتە لەسەدا 18. ئامارە نافەرمییەكان باس لە ڕێژەی سەوزایی لەسەدا 13 بۆ دھۆك و لەسەدا 12 بۆ پارێزگای سلێمانی دەكەن.
راپۆرتی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ