لێكۆڵینەوەیەك دەریخستوە زیاتر لە نیوەی جۆرەكانی زیندەوەران لە خاكدا دەژین

15/08/2023

نەوا-
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ باس لەوە دەكات كە زیاتر لە نیوەی جۆرەكانی زیندەوەران لە خاكدا دەژین.
بەگوێرەی رۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی، ئەم ئامارە نوێیە دوو هێندە زیاترە لەوەی زاناكان لە ساڵی ٢٠٠٦دا خەمڵاندنیان بۆ كردوە كاتێك دەیانگوت خاك لەسەدا ٢٥ی زیندەوەرە زیندوەكانی تێدایە.
توێژینەوە نوێیەكە كە پشكنینی نمونەی خاكی لەسەرانسەری جیهان كردوە، دەركەوتوە خاك لەسەدا ٩٠ی قارچك و لەسەدا ٨٥ی روەك و زیاتر لەسەدا ٥٠ی بەكتریاو لەسەدا ٣ی شیردەرەكانە، ئەو گروپە كەمترین پەیوەندییان بە خاكەوە هەیە.


 توێژەران لە توێژینەوەكەیاندا نوسیویانە، ئەنجامەكانمان دەریدەخەن كە پێدەچێت خاك لەسەدا ٥٩ی زیندەوەرانی تێیدا نیشتەجێبن، لە میكرۆبەوە تا شیردەرەكان، ئەمەش وایكردوە كە لە روی بایۆلۆژییەوە هەمەچەشنترین شوێنی نیشتەجێبون بێت لەسەر زەوی.
 تیمەكە ئاماژەیان بەوە كردوە كە ژمارەی راستەقینە دەتوانێت زیاتر بێت چونكە خاكەكان بە باشی لێكۆڵینەوەیان لەسەر نەكراوە.
 لە نێوان ئەو گروپانەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردوە، توێژەران زۆرترین رێژەی وابەستەیی خاكیان دۆزیوەتەوە (لەسەدا 98.6) لە كرمی روەكیدا كە پێیان دەوترێت Enchytraeidae.
 
دكتۆر مارك ئەنتۆنی توێژەری سەرەكی زانای ئیكۆلۆژی لە دامەزراوەی توێژینەوەی فیدراڵی سویسرا بۆ توێژینەوەی دارستان و بەفر و دیمەنی سروشتی دەڵێت: پێش ئەم توێژینەوەیە، زاناكان نەیاندەزانی كام شوێنی نیشتەجێبون زۆرترین دەوڵەمەندە بە جۆرەكان، لە بازنەی توێژینەوەكەمدا زۆر كەس گومانیان دەكرد كە خاكەكە بێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەوە نەبو.
 ئاماژەی بەوەشكردوە، زیندەوەرانی خاك كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر هاوسەنگی هەسارەكەمان و گۆڕانی كەشوهەوا و ئاسایشی خۆراكی جیهانی و تەنانەت تەندروستی مرۆڤیش هەیە.
 خاكی چینی سەرەوەی توێكڵی زەوییەو لە تێكەڵەیەك لە ئاو و گاز و كانزا و ماددە ئۆرگانییەكان پێكهاتوە. ئەو شوێنەیە كە لەسەدا ٩٥ی خۆراكی هەسارەكەی لێیە.
 شوێنەكانی دیكەی نیشتەجێبون كە تیمی توێژینەوە نوێیەكە لەبەرچاویان گرتوە بریتین لە دەریاكان، ئاوی شیرین، بنی زەریاكان و هەوا. 

 ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group